وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند بەهۆی بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە غەزە و قبووڵنەکردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل بانگهێشت کردوەتەوە.
تورکیا ڕایگەیاند باڵیۆزەکەی لە ئیسڕائیل گەڕاندووەتەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بۆردومانە بەردەوامەکەی ئیسڕائیل "دژی هاووڵاتیانی سڤیل لە کەرتی غەزە " و خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە غەزەدا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کارەساتە مرۆییەی لە غەزەدا دروست بووە بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە دژی هاووڵاتییانی سڤیل و ڕەتکردنەوەی داواکان بۆ ئاگربەست و کۆسپ دانان لەبەردەم گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکاندا، تورکیا باڵیۆزەکەی لە ئیسڕائیل گەڕاندووەتەوە."
ئەم هەنگاوەی تورکیا لە کاتێکدایە کە تورکیا لێدوانەکانی دژ بە ئیسڕائیلی توندتر کردووەتەوە. ڕۆژی هەینی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەپچڕێنێت.
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا دەبڕێت بەڵام پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسڕائیل لەسەر غەزە نابڕێت.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا لە زاری ئەردۆغانەوە بڵاویکردەوە " نەتانیاهو چیتر کەسێک نیە کە بتوانین قسەی لەگەڵدا بکەین. سڕیومانەتەوە." بەڵام وتیشی ئەمە مانای ئەوە نیە تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەپچڕێنێت، وتیشی سەرۆکی هەواڵگری تورکیا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئیسڕائیل و بەرپرسانی فەڵەستینی و حەماسیشدا.
تورکیا میوانداری حەماس دەکات و بە پێچەوانەی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و ئیسڕائیلەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوی نابات. هەروەها داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕەکەی کردووە.
ئەردۆغان ئاماژەشی بەوەدا کاتێک جەنگەکە تەواو دەبێت، تورکیا دەیەوێت " غەزە وەکو ناوچەیەکی ئاشتی ببینێت وەکو بەشێک لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینییەکان، بە شێوەیەک لەگەڵ سنوورەکانی ساڵی 1976 دا بگونجێت، هەروەها ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمیش پایتەختی بێت."
مانگی ڕابردوو دیبلۆماتکارانی ئیسڕائیل بە هۆکاری ئاسایش تورکیایان جێهێشت، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەڵەستینییەکان لە تورکیادا سەریانهەڵدا. دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل وتی دیبلۆماتکارەکانی گەڕاندووەتەوە بە مەبەستی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا.
ئەردۆغان وتیشی لە کۆتایی مانگی یانزەدا سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی سەردانی تورکیا دەکات. هەروەها پلانیشی هەیە لەم مانگەدا ئامادەی کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بێت لە ڕیاز، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاگربەستێک لە غەزە.
سەرچاوەکان/ئەلجەزیرە/ فڕانس پرێس