Accessibility links

سەرۆکی تورکیا سەردانی قەتەر دەکات

سەرۆکی تورکیا لە وڵاتی کوەیتەوە گەیشتە دۆحەی پایتەختی قەتەر و لەوێ لەگەڵ میری قەتەر کۆبوویەوە و سەرپەرشتی واژوکردنی ژمارەیەک گرێبەستی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و شاندی یاوەری شەوی سێشەممە گەیشتنە دۆحە و لە فڕۆکەخانەی حەمەدی نێودەوڵەتی لایەن خالید عەتیە وەزیر بەرگری پـێشوازیان لێکرا.

هەریەک لە جەنەڕاڵ خڵوسی ئەکار سەرۆکی ئەرکانی لەشکری تورکیا و مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوە و نیهاد زیبکچی وەزیری ئابوری و برائەت بەیرەق وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتیـیەکان و ئەحمەد ئەشرەف وەزیری کشتوکاڵ لە نێو شاندەکەی ئەردۆغاندان.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە لایەن تەمیم بن حەمەد ئال ثانی میری قەتەر لە دیوانی میرنشین بە فەرمی پـێشوازی لێکرا و پاشان هەردوو ڕێبەر کۆبوونەوە و بە سەرپەرشتی هەردووکیان وەزیر و کاربەدەستانی هەردوو وڵات ژمارەیەک گرێبەستیان واژوکرد.

هەروەها سەرۆکی تورکیا سەردانی بنکەی سەربازی وڵاتەکەی لە دۆحە کرد و لەوێ چاوی بە سەربازانی تورک کەوت.

ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ قەتەر لە کاتێکدایە کە پەیوەندیـیەکی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو لە دۆخێکی خراپدایە. هێشتا ڕوون نیـیە ئایا سەرۆکی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتانەی دیکەی کەنداو دەکات یان نا، لەوانە عەرەبستانی سعودیـیە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG