Accessibility links

سەرۆکی تورکیا سەردانی قەتەر دەکات


لە دوایین وێستگەی گەشتەکەی رەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆکی تورکیا بۆ کەنداو ، ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە وڵاتی قەتەر و لەوێ لایەن کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتەوە پـێشوازیـیەکی گەرمی لێکرا.

مەبەست لەم گەشتەی سەرۆکی تورکیا لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی دپلۆماسیە بۆ کێشەی نێوان قەتەر و ئەو چوار وڵاتە عەرەبیەیە کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ قەتەر بچڕاندووە لەسەر ئەوەی وەک دەڵێن قەتەر پشتیوانی لە تیرۆریزم دەکات.

سەرۆکی تورکیا کە لە کوەیتەوە ڕووی لە قەتەر کرد، لەگەڵ گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی دۆحە لە لایەن شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی میری قەتەر لە بەردەمی فڕۆکەکە بە گەرمی پـێشوازی لێکرا.

ئەردۆغان بەر لەوەی سەردانی کوەیت بکات لە عەرەبستانی سعودیـیە بوو و لەوێ لەگەڵ شا سەلمان و کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە. سعودیـیە پـێشەنگی بەرەی دژ بە قەتەرە کە هەریەک لە ئیمارات و بەحرەین و میسر تیایدان.

میری قەتەر دەڵێت وڵاتەکەی بۆ دانوستاند لەمەڕ قەیرانەکە ئاواڵایە ، بەو مەرجەی ڕێز لە سەروەری قەتەر بگیرێت.

جێی ئاماژەیە ئەو چوار وڵاتەی عەرەبیە لە سەرەتای مانگی رابردوودا پەیوەندیەکانی دپلۆماسی و گەشتکردنیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند و دەسەڵاتدارانی قەتەری بە کۆمەک و پشتیوانیکردنی تێرۆرستان تۆمەتبار دەکەن، بەڵام کاربەدەستانی قەتەر بە توندی ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە و دەڵێن هۆکاری سیاسی لە پشت ئەم تۆمەتەوەیە.

XS
SM
MD
LG