Accessibility links

تورکیا داوای ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەب بۆ داخستنی بنکە لەشکریـیەکەی لە قەتەر ڕەتدەکاتەوە


تورکیا داوای داخستنی بنکە لەشکریەکەی لە قەتەر ڕەتکردەوە کە لەلایەن عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر ئاڕاستەی قەتەر کراوە لە چوارچێوەی مەرجەکانیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیـیەکان لەگەڵیدا.

فکری عیشق وەزیری بەرگری تورکیا ئەمڕۆ هەینی بە کەناڵی NTV ی تورکی گوت هێشتا داواکاریـیەکەی ئەو وڵاتانەی بەرچاو نەکەوتووە، بەڵام گوتی ئەنکەرە بەنیاز نیـیە پـیاداچوونەوە بەو ڕێـکەوتنە بکات کە لە سـاڵی 2014 وە لەگەڵ قەتەر مۆریکردووە.

گوتیشی ئەگەر داواکاریـیەکی لەو جۆرە هەبێت، ئەوا مانای دەسـتێوەردانە لە پەیوەندیـیە دوو قۆڵیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و دۆحە. باسی لەوەش کرد ڕەنگە تورکیا بەردەوامبێت لە زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی لەو بنکەیە.

شەوی ڕابردوو 23 سەربازی تورک لەگەڵ 5 ماشێنی زریپـۆش گەیشتنە دۆحە، ئەمەش دووەم کاروانی لەشکری تورکیایە بگاتە ئەو وڵاتە لە ماوەی هەفتەیەکدا.

بەپـێی ڕۆژنامەی حوریەت لە ئێستادا 88 سەربازی تورک لە قەتەرن و ڕەنگە لە دوای جەژنی ڕەمەزان ڕاهێنان و مانۆڕی لەشکری هاوبەش لەگەڵ لەشکری قەتەر ئەنجام بدەن. ڕۆژنامەکە دەشڵێت ڕەنگە لە داهاتوو ژمارەی سەربازانی تورک لە قەتەر بگاتە 1000 سەرباز و شیانی هەیە هێزێـکی ئاسمانیش ڕەوانەبکرێت.

هەروەها تورکیا داوایکرد بنکەیەکی لەشکری لە عەرەبستانی سعودیـیەش دابمەزرێنێت، بەڵام ڕیاز دەستبەجێ داواکەی ڕەتکردەوە.

لە لایەکی دیکە لەوەتای ئەو چوار وڵاتە عەرەبیـیە پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ قەتەر بڕیوە، تورکیا هەناردە خۆراکەکانی بۆ قەتەر سێ هێندە زیادکردووە و زیاتر لە 100 فڕۆکەی بارهەڵگر پـێداویستی لە تورکیاوە بۆ قەتەر ڕەوانەکراوە.

XS
SM
MD
LG