Accessibility links

تورکیا 6 ئەکادیمی و ڕۆژنامەوان دادگایی دەکات


چوار کەسی ئاکادیمی و دوو ڕۆژنامەوان ئەمڕۆ هەینی لە تورکیا دادگایی‌ دەکرێن لەسەر کەیسی جودا کە پەیوەستن بە ئازادی ڕادەربڕین، ئەوەی لە سایەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی وڵاتەکە بەرتەسک بووەتەوە.

ئاکادیمیـیەکان ڕووبەڕووی تۆمەتی "دروسـتکردنی پـرۆپاگەندە بۆ تێرۆرستان" بوونەتەوە. دوو ڕۆژنامەوانەکەش بۆ جاری سێـیەمە دەبرێنە بەردەم دادگا بە تاوانی سیخوڕی.

چوار کەسە ئاکادیمیـیەکە لەگەڵ زیاتر لە 1000 کەسی دیکە یاداشتنامەیەکیان واژوکردبوو کە تیایدا ئۆپەراسیۆنەکانی لەشکری تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردیـیەکان شەرمەزاردەکەن و داوا دەکەن کوشتنی کوردان و ڕاگواستنیان ڕابگیرێن. ئەمە بووە مایەی توڕەبوونی ئەردۆغان و سەرئەنجام ڕێوشوێنی یاسایی لە دژیان گیرایەبەر. ئەگەر تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغ بێتەوە، ئەوا نزیکەی 7 ساڵ و نیو زیندانی دەکرێن.

هەردوو ڕۆژنامەوان، جان دوندار سەرنووسەری ڕۆژنامەی حوریەتی ئۆپـۆزسیۆن و ئەردەم گول بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕۆژنامەکە لە ئەنکەرە، ڕەنگە ئەوانیش سزای زیندانی هەتاهەتایی بدرێن لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕاپـۆرتێـک کە تیایدا دەڵێن حکومەتی تورکیا بە قاچاخ چەک و تەقەمەنی بۆ ناو سوریا ڕەوانەکردووە.

بەپـێی ڕاپـۆرتی سـاڵی 2016 ی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە جیهاندا کە لەم دوایـیانە بڵاوکرایەوە، ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێ سنوور، تورکیای لە پـلەی 151 هەمین داناوە لە کۆی 180 وڵاتی جیهاندا، واتە تەنیا لە 29 وڵاتی دیکە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا خراپـترە. لەوەتای لە ساڵی 2014 وە ئەردۆغان بووەتە سەرۆکی تورکیا، نزیکەی 2 هەزار کەس بە تاوانی سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان دادگایی‌کراون.

XS
SM
MD
LG