Accessibility links

پۆلیسی تورکیا گازی فرمێسک ڕژێن بەکاردەهێنێت بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکانی لایەنگری فەڵەستینییەکان

ڕۆژی یەکشەممە پۆلیسی تورکیا گازی فرمێسک ڕژێنی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکانی لایەنگری فەڵەستینییەکان کە لەبەردەم بنکەیەکی سەربازییدا گردببوونەوە کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدایە.

خۆپیشاندانەکەی دەرەوەی بنکەی ئاسمانی ئەنچەرلیک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا لەلایەن دەزگای ئای ئەیچ ئەیچی مرۆییەوە ڕێکخرابوو، کە لە ساڵی 2010 دا ڕابەرایەتی کەشتیگەلێکی کرد بۆ غەزە کە بە هەزاران تەن یارمەتی مرۆیی پێبوو لە ئیستەنبوڵەوە هاتن بۆ غەزە، لە هەوڵێکدا بۆ شکاندنی گەمارۆکەی ئیسڕائیل بۆ سەر غەزە. ئەوەش وایکرد ئیسڕائیل هێرش بکات و 10 کەس بەهۆی ئەو هێرشانەوە کوژران.

لە وێنەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت سەدان کەس ئاڵای فەڵەستینییەکانییان بەرز کردووەتەوە و ڕادەکەن و پۆلیس ڕاوییان دەنێت، تۆپی ئاویشییان لە ئەنچەرلیک بەکارهێناوە.

هیچ هەواڵێک نیە لەسەر برینداربوون یاخود دەستگیرکردن. بەرپرسانی ئەمەریکاش لێدوانییان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

بنکەی ئاسمانی ئەنچەرلیک دەکەوێتە کەناری دەریای ناوەند و تورکیا خاوەندارێتی دەکات، بەڵام لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و هەندێک جاریش لەلایەن هێزی ئاسمانی شاهانەی بەڕیتانیاوە بەکاردەهێندرێت، ئەمەش وادەکات دەستڕاگەیشتنێکی ستراتیژییان هەبێت بۆ بەشە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

خۆپیشاندانەکەی دەزگای ئای ئەیچ ئەیچی مرۆیی هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بۆ ئەنکەرە، کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیداندا کۆببێتەوە.

تورکیای ئەندام لە ناتۆ باڵیۆزەکەی لە ئیسڕائیل گەڕاندەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا پچڕاند، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس.

ڕۆژی یەکشەممە ئەردۆغان جارێکی دیکە سەرکۆنەی " کۆمەڵکوژییەکی بێ ڕەوشت و بێ ویژدان و نەفرەت لێکراوی " کرد لە غەزە.

بەڵام ڕۆژی یەکشەممە ئەردۆغان وتی تورکیا " لە پشت پەردەکانەوە " کار دەکات، لە هەوڵێکدا بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتنەکان و دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەزە.

ئەردۆغان وتی " دڵنیا بن لەوەی زۆر زیاتر دەکەین لەوەی کە لەبەرچاودایە."

لەلایەکی دیکەوە بەپێی سەرچاوەیەکی دیبلۆماتی تورکیا، وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە لەگەڵ هاوتا میسڕ و ئوردنییەکانیدا قسەی کردووە و باسییان لەوە کردووە " چۆن بتوانرێت ئاگربەستێکی دەستبەجێ بخەنەوە " و دڵنیا ببنەوە لە " بەردەوامی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەزە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

This item is part of
XS
SM
MD
LG