Accessibility links

تورکیا بڕیاری دەسـتگیرکردنی عەدنان ئۆکتار و 234 کەسی نێو گروپەکەی دەدات


پـۆلیسی تورکیا عەدنان ئۆکتاری دەسـتگیرکرد، ئەوەی لەسەر تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و میدیاکاندا ڤیدیۆکانی بڵاودەکرێنەوە کە چۆن کچان لە بەردەمیدا سەما دەکەن.

ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند عەدنان ئۆکتار کە هەندێک جار ناوی هارون یەحیا بۆخۆی بەکاردەهێنێت، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ 234 کەسی نێو گروپەکەی فەرمانی دەسـتگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

بە مەبەستی دەسـتگیرکردنیان هێزەکانی پـۆلیس 120 شوێنیان لە 5 پارێزگای وڵاتەکە پـشکنیوە. دەڵێن عەدنان ئۆکتار لە ماڵەکەی لە ئستەنبوڵ هەوڵی ڕاکردنی دابوو، بەڵام شکستی هێناوە و دەسـتگیرکراوە. هەروەها ژمارەیەک چەک لە ماڵەکەیدا گیراون.

بەپـێی وێنە و ڤیدیۆی دەسـتگیرکردنەکانی لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە، دەیان پـۆلیس بە هەلیکۆپتەر و پاسەوە بەشداریـیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردبوو.

ناوبراو تۆمەتبارە بە چەندان تاوانی مەترسیدار لەوانە، دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تاوانکاری بۆ دەسـتدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان و پەیوەندی سێکسی لەگەڵ نەوجەواناندا. پاشان فرتوفێڵکردن بە ناوی ئاینەوە و سیخوڕی سیاسی و لەشکری و پـێدانی بەرتیل و پـێشێلکردنی یاسای باج.

ڕەخنەگرانی دەڵێن ڕەفتارەکانی نمونەیەک بوون بۆ بازرگانی بە مرۆڤ و سووکایەتیکردن بە ژنان.

XS
SM
MD
LG