Accessibility links

تورکیا هێرشی توند دەکاتە سەر ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان


وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیانـنامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ تۆمەتباردەکات بەوەی ئۆفیسەکەی خستۆتە ئەو پـێگەیەی کە هاوکاری ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانە.

وەزارەتەکە دوێنێ سێشەممە بەیانـنامەکەی بڵاوکردەوە پاش ئەوەی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپـۆرتێکی 28 لاپەڕیی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت دەسەڵاتدارانی تورکیا لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016و ڕاگەیاندنی باری نائاسایی پـێشێلکاری گەورەیان لە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ کردووە، لەوانە سەدان هەزار کەس ڕێگەیان لێگیراوە کاربکەن یان کۆتوبەند خراوەتە سەر هاتوچۆیان یانیش دەستگیرکراون و ئەشکەنجەدراون.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکە زەید ڕەعەد ئەلحوسەین کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتویەتی ژمارەی ئەوانەی مافەکانیان پـێشێلکراون جێی سەرسوڕمانە، نزیکەی 160 هەزار کەس دەستگیرکراون و 152 هەزار فەرمانبەری سیڤیلیش لە کارەکانیان دەرکراون کە مامۆستا و دادوەر و پارێزەر و ڕۆژنامەوانیان لە نێودایە.

زەید ڕەعەد ئەلحوسەین کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ
زەید ڕەعەد ئەلحوسەین کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ

پاشان دەڵێت ئەوەی زۆر جێی نیگەرانیـیە نزیکەی 100 ژن کە دووگیانبوون یان تازە منداڵیان بووبوو دەستگیرکراون وە زۆربەیان بە تۆمەتی ئەوەی گومان لە هاوسەرکانیان دەکەن پەیوەندیـیان بە ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانەوە هەبووبێت. دەشڵێت هەندێک لەگەڵ منداڵەکانیان زیندانی کراون و هەندێکیشیان بە زۆر لە منداڵەکانیان جیاکراونەتەوە.

ڕاپـۆرتەکە باس لەوەش دەکات پـۆلیس و جەندرمە و پـۆلیسی لەشکری و هێزەکانی ئاسایش خەڵکیان ئەشکەنجەداوە بە لێدانی لە ڕادەبەدەر، دەستدرێژی سێکسی، هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی، لێدانی کارەبا، سەرخستنە ناو ئاو.

هەروەها لە ڕاپـۆرتەکەدا هاتووە، ئەوانەی لە کارەکانیان دەرکراون موچەکانیان بڕیون وە بیمەی تەندروستیان نەهێشتوون و تەنانەت ئەوانەشی لە ماڵی حکومیدا بوون ماوەی 15 ڕۆژیان پـێدراوە ماڵەکان چۆڵبکەن.

سەبارەت بە ڕۆژنامەگەری لە تورکیا، ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت نزیکەی 300 ڕۆژنامەوان دەسـتگیرکراون بە تۆمەتی جۆراوجۆ، لەوانە بڵاوکردنەوەی بابەت کە تیایاندا وەک دەڵێن "داکۆکیان لە تێرۆرزم کردووە" . لەگەڵ ئەوانەش لە ماوەی ساڵی 2017 زیاتر لە 100 هەزار ماڵپەڕ لە تورکیا بلۆککراون کە ژمارەیەکی زۆریان لایەنگری کوردن.

ڕاپـۆرتەکە لە بارەی ڕەوشی ناوچە کوردیـیەکانیش دەڵێت پـێشێلکاری گەورە لەوێ کراوە، لەوانە خەڵک کوشتن و ئەشکەنجەدان و توندوتیژی لە دژی ژنان و بەکارهێنانی لە ڕادەبەدەری هێزە و وێرانکردنی ماڵی خەڵکی و ئاسەواری کولتوری و قەدەغەکردنی خزمەتی تەندروستی بەپەلە و نەبوونی ئاوی پاک و دانانی کۆتوبەند لەسەر ئازادی ڕادەربڕین. دەشڵێت هەتا ئێستا تورکیا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام نەداوە لە بارەی حاڵەتەکانی کوژرانی خەڵکی سیڤیل لە میانەی ئۆپەراسیۆنە ئاسایشیـیەکانی لە نێوان هەردوو ساڵی 2015 و 2016 لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەڕێوەچوون.

زەید ئەلحوسەین لە کۆتایی ڕاپـۆرتەکە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات ڕێگە بە ئۆفیسەکەی بدات بە تەواوی دەستی بگات بە ناوچە کوردیـیەکان تاوەکو بتوانن ڕاستەوخۆ و سەربەخۆیانە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لەو ناوچانە هەڵبسەنگێنێت.

XS
SM
MD
LG