Accessibility links

نووسەرێـکی دیکە لە تورکیا دەسـتگیردەکرێت


دەسەڵاتدارانی تورکیا نووسەری ڕۆژنامەیەکی ئۆپـۆزسیۆنی وڵاتەکەیان دەسـتگیرکردووە بە تۆمەتی پـڕۆپاگەندە بۆ تێرۆرستان.

ئۆغوز گوڤەن نووسەری ڕۆژنامەی جمهوریەت شەوی دووشەممە بە فەرمی دەسـتگیرکرا پاش ئەوەی ڕۆژی هەینی دەسـتبەسەرکرا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆلوی فەرمی تورکیا دەڵێت ئۆغوز گوڤەن دەسـتگیرکرا لەسەر نووسینێکی لە تویتەری ڕۆژنامەکەی کە تیایدا باسی گیان لەدەسـتدانی مستەفا ئالپەر کردبوو، ئەوەی داواکاری گشتی بوو لە هەرێمی دەنیزلی باشوری ڕۆژئاوای تورکیا.

مستەفا ئالپەر یەکەم داواکاری گشتی تورکیا بوو کە سکاڵای فەرمی لە دژی فەتحوڵڵا گولەن تۆمارکرد و هەفتەی ڕابردوو لە ڕووداوێـکی هاتووچۆ گیانی لەدەسـتدا.

دەسەڵاتداران دەڵێن نووسینەکەی ئۆغوز گوڤەن کە دوای کەمتر لە خولەکێـک سڕیبوویەوە، هەڕەشەئامێزانە بووە بۆ ئەو داواکارە گشتیـیانەی سکاڵا لە دژی گروپی فەتحوڵڵا گولەن تۆماردەکەن.

جێی ئاماژەیە 12 ڕۆژنامەوان و نووسەری دیکەی ڕۆژنامەی جمهوریەت لە زینداندان بە تۆمەتی پـڕۆپاگەنەدە بۆ ڕێکخراوە تێرۆرسـتیەکان. هێشتا دادگا حوکمی لەسەر نەداون.

لە پاش هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 47 هەزار کەس لە تورکیا دەسـتگیرکراون لە نێویاندا 165 ڕۆژنامەوان هەن.

XS
SM
MD
LG