Accessibility links

تورکیا دوو مامۆستا دەسـتگیردەکات کە مانیان لە خواردن گرتووە


کەناڵی CNN تورک دەڵێت هێزەکانی پـۆلیسی تورکیا مامۆستایەکی زانکۆ و مامۆستایەکی ئامادەیـیان دەسـتگیرکردووە کە ماوەی دوو مانگە مانیان لە خواردن گرتووە وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر دەرکردنیان لە کارکەنیان لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی حکومەت لە پاش کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ڕابردوو.

کەناڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە هەواڵەکەی ڕاگەیاند و گوتی هەروەها هێزەکانی پۆلیس شوێنەکانیان پشـکنیون و دوو پارێزەریشیان دەسـتگیرکردووە کە هەوڵیان دابوو ڕێگرییان لێبکەن.

خانمی پـرۆفیسۆر نوریـیە گولمەن و سەمیح ئۆزاکچی مامۆستای ئامادەی کە زیاتر لە دە هەفتەیە مانیان لە خواردن گرتووە، چەندان خۆپـیشاندانی ناڕەزایـیان لە ئەنکەرە ڕێکخست بە مەبەستی تیشک خستنە سەر ڕەوشی نزیکەی 150 هەزار فەرمانبەر کە دەسەڵاتداران لە کارەکانیان ڕایانگرتوون یان دەریانکردوون لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو، ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە فەتحوڵڵا گولەنی پیاوی ئاینی تورکیا بەو هەوڵە تۆمەتباردەکەن.

گولمەن شەوی یەکشەممە لە سەر تویتەرەکەی خۆی نووسی" پـۆلیسی سیاسی هەوڵ دەدەن بێنە ناو ماڵەکەوە. ئێستا دەرگاکە دەشکێنن."

پاشان نووسینێکی دیکەی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت"نەعلەت لە فاشیزم! بژی مانگرتن لە خواردن! دەمانەوێت بمانگێڕنەوە بۆ سەر کارەکانمان! ئێمە هەرگیزا و هەرگیز چۆک دانادەین!"

جێی ئاماژەیە ئەم دوو مامۆستا مانگرتووە تەنها ئاو دەخۆنەوە لەگەڵ شەکر و خوێ و ئاوی لیمۆ، بۆیە کێشیان دابەزیوە. پـزیشکان سەرەتای ئەم مانگە گوتیان باری تەندروستیان زۆر تێکچووە.

ڕێکخراوی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ ئەمڕۆ دووشەممە ڕاپـۆرتێـکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی دەرکردنی فەرمانبەرانی حکومی لە تورکیا بە شێویەکی هەڕەمەکیـیانە ئەنجامدراوە و ئاکامی ئێجگار خراپی بەسەر ژیان و گوزەرانیان هەیە.

XS
SM
MD
LG