Accessibility links

سەرچاوەکان: تورکیا لە بنکەیەکی باکووری ڕۆژئاوای سوریا دەکشێتەوە


کۆمەڵیک سەرچاوەی نزیک ئاماژەیان بەوەدا تورکیا هێزەکانی لە بنکەیەکی سەربازی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا دەکشێنێتەوە کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریاوە گەمارۆ درابوو، بەڵام بوونی خۆی لە شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە بەهێزتر دەکات.

ئەو شوێنە سەربازییە لە مۆرک یەکێکە لەو 10 خاڵە چاودێرییەی کە تورکیا لە ساڵی 2018 دا دایمەزراندن، ئەوەش بەپێی ڕێکەوتنی هێورکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و ئەو چەکدارانەی کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت .

ساڵی ڕابردوو هێزەکانی حکومەتی سوریا لە پێشڕەوییەکانیاندا مۆرک و کۆمەڵێک شوێنی دیکەی هێزەکانی تورکیایان گەمارۆدا. بەڵام تورکیا هێزەکانی لەو ناوچانە هێشتەوە.

پێشتر بەرپرسانی تورکیا بەدووریان زانیوە لە هیچ خاڵێکی چاودێری بکشێنەوە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن چیتر هیچ بەهایەکی سەربازی نەماوە بۆ مانەوە لە مۆرک.

بەرپرسێکی دیاری ئۆپۆزسیۆنێکی سوریا کە نزیکە لە تورکیاوە بە ڕۆیتەرزی وت ئامادەکارییەکان بۆ کشانەوە لە بنکەکە دەستی پێکردووە.

دوو سەرچاوەی دیکە کە ئاگاداری پڕۆسەکەن بە ڕۆیتەرزیان وت کشانەوەکە بەیانی زووی ڕۆژی دووشەممە دەستی پێکردووە. یەکێکیان وتی هێزەکانی تورکیا لە ئێستادا بیر لە چۆڵکردنی خاڵێکی دیکەی چاودێری ناکەنەوە.

چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەڵێن تورکیا نزیکەی 10 بۆ 15 هەزار سەربازی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریادا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و گروپە توندڕەوەکانی دیکە کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات لە پاڵ هێزەکانی تورکیادا لەو ناوچانەدا بوونیان هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG