Accessibility links

سەرۆکی تورکیا لە کۆنگرەی ڕێبەرانی وڵاتانی ناتۆدا لە برۆکسل


بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەگەڵ هاوتا ڕۆژئاوایـیەکانی لە کۆنگرەی ناتۆ لە برۆکسل کۆببێتەوە، ئەمەش لە نێوەندی ئەو پـرسیارانەی هاتوونەتە ئاراوە سەبارەت بەوەی تورکیا وەک هاوپەیمانێکی لەشکری دەمێنێتەوە یان نا.

لە سەردەمی ئەردۆغان پەیوەندیـیە سیاسی و ئابوریـیەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا زیاتربوون. هەروەها هەردوو وڵات لەگەڵ ئێران لە نزیکەوە لە سوریا هەماهەنگی دەکەن و دەڵێن بۆ کۆتایی‌هێنان بە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە. لەگەڵ ئەمانەشدا ئەوەی زیاتر ناتۆی نیگەرانکردووە بڕیاری ئەنکەرەیە بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی ڕووسیایی جۆری S-400 ، ئەوەی ناتۆ چەند جارێک وڵاتانی ناتۆ ئاگاهیـیان داوە لەوەی شیانی هەیە ئەو سیستەمە زیانی بۆ سەر سیستەمە لەشکریـیەکانی ناتۆ هەبێت.

ئەتیلـلا یەشلادا، شیکەرەوەی سیاسی تورک ناوەندی Global Source Partners دەڵێت" پـێویستە بڕیاربدەین یان (ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا) و یانیش (ئێران و ڕووسیا)، ئەمەش بڕیارێکی هەر زۆر قورسە. چیتر ناکرێت بەسەر دیوارەکەوە بمێنینەوە وە ڕوو لە هەر لایەکی بکەین لاکەی دیکە سزا دەردەکات.

ئەنکەرە جەختدەکاتەوە کە هێشتا پابەندە بە هاوپەیمانێتی ستراتیژی لەگەڵ ڕۆژئاوادا، دەڵێت پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ تاران و مۆسکۆ بۆ بازرگانی و کاری هاوبەشە بۆ چارەسەرکردنی شەڕی ناو سوریا.

حسێن باغجی مامۆستا لە زانکۆی تەکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنکەرە دەڵێت"تورکیا هەمیشە دیپـلۆماسیـیەتی ڕاگرتنی تەرازوی نێوان هێزەکان بەکاردەهێنێت."

گوتیشی"پەیوەندیـیەکانی تورکیا- ڕووسیا زیاتر ڕوو لە باشبوون دەکات، بەڵام تورکیا سنووری ئەم پەیوەندیـیە دەزانێت. تورکیا ناخوازێت لە ناتۆ بێتە دەرێ. ئەوە جێی پـرسیار نیـیە."

چاوەڕوان‌دەکرێت لە پەراوێزی کۆنگرەکە، ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کۆببێتەوە. پـێشبینی دەکرێت مەسەلەی کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی لە ڕووسیا لەگەڵ سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێران لە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکەیاندا بن. ئەنکەرە هەوڵ دەدات ئەمەریکا لە دەرەوەی سزاکانی سەر ئێران دایبنێت کە لە پاش کشانەوەی واشنتن لە ڕێکەوتننامەی ناوکی سەپێندرانەوە بەسەر تاراندا. ئێران سەرچاوەیەکی سەرەکی نەوت و گازی سروشتیـیە بۆ تورکیا.

هەروەها مەسەلەی سوریا خاڵێکی دیکەی ناکۆکی تورکیایە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناتۆدا. ئەنکەرە فشاردەخاتە سەر واشنتن تاوەکو کۆتایی‌بهێنێت بە پشـتیوانیـیەکانی بۆ هێزە کوردیـیەکانی سوریا لە شەڕیاندا لە دژی داعش. ئەنکەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا تاوانباردەکات بەوەی پەیوەندیـیان بە پەکەکەوە هەیە. هەرچەندە گرژیـیەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرە لەسەر ئەم مەسەلەیە کەمێک خاوبووەتەوە لە پاش ئەو نەخشە ڕێگایەی لەسەری ڕێکەوتن بۆ مەنبج، بەڵام هێشتا ناکۆکیـیان لە نێواندا ماوە.

شیکەرەوان دەڵێن هەرچەندە جۆرە پەیوەندیـیەکانی باش لە نێوان ئەردۆغان و ترامپ هەیە، بەڵام ترامپ لە ژێر فشاری کۆنگرێسی ئەمەریکایە تاوەکو هەوڵبدات بۆ ئازادکردنی ئەو قەشە ئەمەریکایـیەی نزیکەی 2 ساڵە لە تورکیا دەسـتگیرکراوە و ئێستا بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تێرۆرزم دادگایی دەکرێت.

سەرۆک ترامپ لای خۆیەوە ئەو تۆمەتانەی ئەنکەرە بۆ ئەو قەشەیەی ڕەتکردەوە و دەڵێت هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نیـیە. هاوکات ژمارەیەک لە یاسادانەرانی ئەمەریکا ئەنکەرە تۆمەتباردەکەن بەوەی قەشەکەی وەک بارمتە لای خۆی داناوە.

حسێن باغجی شارەزای پەیوەندیـیە نێودەوڵەتیـیەکان لەم بارەیەوە گوتی"ڕەنگە سبەی ئازادبکرێت." گوتیشی" دەتوانین وەک بارمتەیەکی سیاسی ناودێری بکەین. ڕۆژنامەوانی ئەڵمانیشمان هەبوو زیندانکرابوو، ئازادکرا. سەرۆک (ئەردۆغان) ئەو بڕیارەی دا، بۆیە دەکرێت جارێکی دیکەش بڕیارێکی لەو جۆرە بداتەوە، بە تایبەتی لە ئێستادا کە دەسەڵاتێکی زیاتری هەیە."

ئەردۆغان مەسەلەی ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ برەنسن بەستەوە بە مەسەلەی داوای تورکیا بۆ ڕادەستکردنی فەتحوڵڵا گولەن، ئەوەی ئەنکەر بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 تاوانباری دەکات و لە ئەمەریکا نیشتەجێـیە. کۆنگرێس لای خۆیەوە ئاگاهی بە تورکیا دا کە ئەگەربێت و قەشەکە ئازاد نەکات ئەوا سزا بەسەر تورکیا دەسەپێنێت. تورکیاش لە بەرامبەردا گوتی کاردانەوەی دەبێت و جەختی کردەوە مەسەلەکە لە دەستی دادگاکانی تورکیایە.

XS
SM
MD
LG