میدیای تورکیا لە زاری ڕاوێژکارێکی سەرۆکی تورکیاوە بڵاوی کردۆتەوە کە کاتی ئەوەیە ئانکەرە پێداچوونەوە بە ئەندامێتی خۆیدا بکاتەوە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.
ئەم لێدوانەی یاڵچین تۆپچو کە لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممەی ڕۆژنامەی جمهوریەت و میدیاکانی تری تورکیادا بڵاوکراوەتەوە تەنها چەند ڕۆژێکە پاش کشاندنەوەی نزیکەی 40 سەربازی تورکیا لەو مەشق و ڕاهێنانەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە نەرویژ دەیکرد.
کشاندنەوەی ئەو سەربازانەش دووابەدوای وێناکردنی کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوو بە دوژمن.
سکرتێری گشتی ناتۆ و هەروەها حکومەتی نەرویژیش داوای لێبوردنیان لە تورکیا کرد لەسەر ئەو ڕووداوە لە کاتێکدا کاربەدەستانی تورکیا بە یەکێک لە شەرمەزارییە گەورەکانی داناوە لە مێژووی هاوپەیمانێتی ناتۆدا.
یاڵچین تۆپچو دەڵێت هاوپەیمانێتی ناتۆ کە هەموو هەڵوێستێکی شەڕانگێزی دژی ئەندامێکی بەکارهێناوە شتێک نییە هەر دەبێت تورکیا ئەندام بێت تیایدا و دەشڵێت دەبێت پەرلەمانی تورکیا بە خێرایی بڕیار لە ئەندامێتی تورکیا بدات لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.