چوار سەرچاوەی باڵا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ وتیان تورکیا ڕەتی دەکاتەوە پشتیوانی لە پلانە بەرگرییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات کە پەیوەندییان بە وڵاتانی بەڵتیک و پۆڵەنداوە هەیە،تا ئەو کاتەی هاوپەیمانێتیەکە پشتگیرییەکی سیاسیی گەورەتر لە تورکیا نەکات لە شەڕیدا دژ بە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە باکووری سوریا.
سەرچاوەکان وتیان ئەنقەرە فەرمانی بە نوێنەرەکەیان کردووە پلانەکە ڕەت بکاتەوە و هەڵوێستێکی توند بگرێتەبەر لەمیانەی کۆبوونەوە و گفتوگۆ تایبەتییەکاندا، هەروەها داوا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات چەکدارانی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە بەیاننامە فەڕمییەکانیاندا بە تیرۆریست ناودێر بکەن.
ئەم ناکۆکییە کە پێش هەفتەیەک لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتیەکە لە لەندەن لە یادی حەفتا ساڵەی دامەزراندنیدا دێت، ئاماژەیەکە لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن سەبارەت بە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە باکووری سوریا.
نوێنەرانی وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ هەوڵدەدەن ڕەزامەندی هەموو وڵاتانی هاوپەیمانێتیەکە وەربگرن سەبارەت بە پلانی ناتۆ بۆ بەرگریکردن لە پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیا و ئیستۆنیا لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەو وڵاتانە ڕووبەڕووی هێرشی ڕووسیا بوونەتەوە.
لەم حاڵەتەدا بەبێ ڕەزامەندی تورکیا بارودۆخەکە قورستر دەبێت بۆ هاوپەیمانێتیەکە تاوەکو بەرگرییەکانی لەم وڵاتانەدا بەخێرایی زیاد بکات.
سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی بە ڕۆیتەرزی وت " تورکەکان گەلانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا وەکو بارمتە دەگرن بەوەی کە ئەمپلانە سەربازییە پەسەند ناکەن تاوەکو خۆیان شتێکیان دەست نەکەوێت."
سەرچاوەیەکی دیکە ئەم ڕەفتارەی تورکیا بە " بەربەست دانان " دادەنێت لەکاتێکدا هاوپەیمانێتی ناتۆ هەوڵدەدات بیسەلمێنێت کە یەکگرتوون دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ گومانی کرد لە یەکگرتوویی هاوپەیمانێتیەکە و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنیش وتی هاوپەیمانێتی ناتۆ " مێشکی مردووە ".
کاتێک سەبارەت بە بابەتەکە پرسیاری لێکرا، وتەبێژی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئوانا لۆنگیسکۆ وتی " هاوپەیمانێتی ناتۆ پلانی بۆ بەرگریکردن لە هەموو هاوبەشەکانی هەیە. پابەندبووبی هاوپەیمانێتی ناتۆ بە پارێزراوی و ئاسایشی هەموو هاوبەشەکانەوە شتێکەتێک ناچێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز