Accessibility links

تورکیا فەرماندەکانی هێزی پـیادە و دەریایی و ئاسمانی دەگۆڕێت


میدیاکانی تورکیا دەڵێن ئەنجومەنی باڵای لەشکری وڵاتەکەیان بە سەرۆکایەتی بن عەلی یەڵدرمی سەرۆک وەزیر بڕیاری دا هەریەک لە فەرماندەکانی هێزی پـیادە و هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی بگۆڕدرێن.

کەناڵی CNN Turk ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند ئەنجومەنی باڵای لەشکر لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری دا جەنەڕاڵ یەشار گولەر کە لە ئێستادا فەرماندەی جەندرمەیە دانراوە شوێنی جەنەڕاڵ ساڵح زەکی چۆلەک بگرێتەوە و ببێتە فەرماندەی هێزی پـیادە، وە جێگری ئەدمێراڵ عەدنان ئۆزبال شوێنی ئەدمیراڵ بولەند بۆستان‌ئۆغڵو بگرێتەوە لە فەرماندەیەتی هێزی دەریایی، وە جەنەڕاڵ حەسەن کوچوک‌ئاکیوز ببێتە فەرماندەی هێزی ئاسمانی و شوێنی جەنەڕاڵ عابدین ئونال بگرێتەوە. هێشتا هۆکاری ئەم ئاڵوگۆڕە لەشکریـیە ئاشکرا نەکراوە.

پاش هەوڵی کودەتا لەشکریەکەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو، ئەنجومەنی باڵای لەشکری تورکیا 3 جار کۆبووەتەوە. ئەم ئەنجومەنە لە بارودۆخی ئاسایـیدا ساڵی تەنها جارێـک کۆدەبێتەوە. هەروەها جاران ئەم کۆبوونەوەیە لە بارەگای لەشکر ئەنجام دەدرا، بەڵام لە ئێستادا لە ئۆفیسی سەرۆک وەزیر بەڕێوەدەچێت.

پاش هەوڵی کودەتاکە بە هەزاران ئەفسەر و سەرباز دەسـتگیرکران یان لە لەشکر دەرکران و لە کۆی 358 جەنەڕاڵی وڵاتەکە 149 جەنەڕاڵیان لە پـۆستەکانیان لادران.

چاوەڕوان‌دەکرێت هەر ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا واژوی بڕیارەکە بکات و بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

XS
SM
MD
LG