Accessibility links

تورکیا گەورەترین مانۆڕی دەریایی ئەنجام دەدات


لەشکری تورکیا لە هەرسێ دەریای دەوروبەری وڵاتەکەی گەورەترین مانۆری دەریایی لە مێژووی کۆماری وڵاتەکەیدا ئەنجام دەدات، ئەمەش هاوکاتی زیادبوونی گرژیـیەکان لە ناوچەکە بەهۆی هەوڵی ئەنکەرە بۆ گەڕان بە دوای گازی سروشتی لە نزیک دورگەی قوبرس.

کاربەدەستانی لەشکری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند مانۆڕە کە ناوی "گورگی دەریای 2019 ی" لێنراوە لە ئەمڕۆوە دەستیپـێکردووە لە هەرسێ دەریای ناوەڕاست و ڕەش و ئیجە و هەتا 25 ی مانگ بەردەوام دەبێت و تیایدا 131 کەشتی دەریایی و 57 فڕۆکەی جەنگی و 33 هەلیکۆپتەر بەشداری دەکەن.

خەڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لەم بارەیەوە گوتویەتی ئامانج لە مانۆڕەکە نیشاندانی توانا و ئاستی سووربوونی هێزی دەریایـیە لە پاراستنی وڵاتەکە و ئاسایشی خەڵکەکەی و ماف و بەرژەوەندیـیەکانی تورکیا لە دەریاکاندا.

دەسەڵاتدارانی تورکیا لە سەرەتای مانگی پـێنجەوە ڕایانگەیاند هەتا مانگی نۆ بە دوای گازی سروشتیدا دەگەڕێن لە ناوچەیەکی دەریای ناوەڕاست کە بەپـێی کاربەدەستانی قوبرس دەکەوێتە ناوچەی ئابوری وڵاتەکەیاندا.

یەکێتی ئەوروپا لەم بارەیەوە ناڕەزایی دەربڕی و گوتی ئەوە پـێشێلکردنی ناوچەی ئابوری قوبرسە و ئەمەریکاش گوتی ئەم هەنگاوەی تورکیا کارێکی زۆر ئیستفزازیـیە.

جێی ئاماژەیە قوبرس کە لە پاش دەستێوەردانە سەربازیـیەکەی تورکیا لە ساڵی 1974 بووە بە دوو بەشەوە، بەشە تورکیـیەکەی بە کۆماری باکوری قوبرس ناودەبرێت و تەنیا لەلایەن تورکیاوە دانی‌پـیادانراوە و بەشە یۆنانیـیەکەی بە کۆماری قوبرس ناسراوە و لە لایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیـیەوە دانی‌پیادانراوە و ئەندامی یەکێتی ئەوروپاشە و گرێبەستی گەڕان بە دوای گازی سروشتی هەیە لەگەڵ هەریەک لە کۆمپانیای ئینی ئیتالی و تۆتالی فەڕەنسی و ئێکسۆن مۆبلی ئەمەریکایی.

XS
SM
MD
LG