Accessibility links

سێ کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا لە سەرما ڕەقدەبنەوە


میدیاکانی تورکیا دەڵێن سێ کۆچبەری نایاسایی لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان لە نزیک سنووری یۆنان لە سەرمادا ڕەقبوونەتە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند یەک لە تەرمەکان لە لایەن شوانێکەوە دۆزراوەتەوە و ئەویش لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادارکردووەتەوە و گەیشتوونەتە شوێنەکە و بۆیان دەرکەوتووە کۆچبەرێکی نایاسایی ئەفغانی بووە و لە سەرمادا ڕەقبووەتەوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ناوچەیەکی دیکەی نزیک سنووری یۆنان دوو تەرمی دیکەش دۆزرانەوە و ئەوانیش بە هەمان شێوە گیانیان لەدەستدابوو. میدیاکان ناسنامەی ئەم دوو کۆچبەرەی دیکەیان ڕانەگەیەند.

لە لایەکی دیکە ئەفغانیـیەکی تەمەن 29 ساڵ کە لە تورکیا دەستگیرکراوە، گوتویەتی ئەو لەگەڵ کۆمەڵێک کۆچبەری دیکە بووە و کە گەیشتوونەتە یۆنان لە دەرگای ماڵی گوندەکانیان داوە هەتا یارمەتیان بدەن، بەڵام کەس دەرگای لێنەکردوونەتەوە و پـۆلیسی یۆنان دەستگیریکردوون و ڕەوانەی تورکیای کردوونەتەوە. گوتوشیەتی ئەو ئەفغانیـیەی ڕەقبووەتەوە لەگەڵیاندا بووە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ئەمساڵدا کۆچبەرانی نایاسایی زیاتر هەوڵیانداوە لە ڕێگەی وشکانیـیەوە لە تورکیاوە بگەنە یۆنان. بەپـێی دەسەڵاتدارانی یۆنان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە شێوەیەکی نایاسایی لە تورکیاوە پەڕیونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام لە ماوەی ساڵی 2017 تەنیا نزیکەی 5500 کەس بوون.

XS
SM
MD
LG