Accessibility links

تورکیا: 9 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە خنکاون


هێزی پاسەوانی کەنارەکانی تورکیا دەڵێت 9 کۆچبەری نایاسایی لە ناو ئاوی دەریای ئیجە لە نزیک کەنارەکانی پارێزگای ئزمیر خنکاون پاش ئەوەی بەلەمەکەیان هەڵگەڕاوەتەوە و نوقم بووە.

میدیاکانی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند ژنێکی عێراقی تەمەن 30 کە هێلەکی مەلەی لەبەردابووە، شەوی ڕابردوو گەیشتووەتە بنکەی پـۆلیسی ناوچەی قەرەبورون و داوای یارمەتی کردووە.

ژنەکە گوتویەتی هاوسەرەکەی و 5 منداڵی لەگەڵ بووە و بە هەموویان نزیکەی 30 بۆ 35 کۆچبەری نایاسایی بوون و لە کاژمێر 8 ی شەوی دووشەممە بە بەلەمێک لە کەناری ناوچەی فۆچای ئزمیر دەرچوون، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت بەلەمەکەیان هەڵگەڕاوەتەوە و نوقم بووە.

گوتوشیەتی هەرچەندە منداڵەکانیشی هێلەکی مەلەیان لە بەردابووە، بەڵام تەنیا هاوسەرەکەی بینوەتەوە، بۆیە ناچاربوون بە مەلە هەوڵبدەن بگەنە وشکایی.

ژنەکە لە درێژەی قسەکانیدا گوتویەتی پاش نیوەڕۆی سێشەممە هاوسەرەکەی بەرگەی شەپۆلەکانی ئاوی دەریاکەی نەگرتووە و گیانی لەدەستداوە و خۆی بە تەنیا ماوەتەوە هەتا گەیشتووەتە کەنارەکانی تورکیا. باسی لەوەش کردووە ماوەی 28 کاژمێر لە ناو ئاوەکەدا ماوەتەوە.

هێزی پاسەوانی کەنارەکانی تورکیا دەڵێت دەستبەجێ فڕۆکە و هەلیکۆپتەریان بۆ شوێنی ڕووداوەکە ناردووە و هەتا کاتی ئەم لێدوانەیان توانیویانە 9 تەرم هەڵبگرنەوە، بەڵام هێشتا چارەنووسی نزیکەی 25 کەسی دیکە نازانرێت.

XS
SM
MD
LG