دادگایەکی تورکیا حوکمی زیندانی دا بەسەر شاجوانێـکی پـێشووی وڵاتەکەی بە تاوانی سووکایەتیکردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا.
دادگای ئستەنبوڵ ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاری دا مروە بویوکسەراج تەمەن 27 سـاڵ کە لە ساڵی 2006 شاجوانی وڵاتەکە بووە، حوکمی 14 مانگ زیندانی بدرێت، بەڵام جێبەجێکردنەکەی ڕابگیرێت، ئەمەش بە تاوانی بڵاوکردنەوەی هۆنراوەیەکی تەنزئامێز لە دژی ئەردۆغان لە ساڵی 2014 لە ماڵپەڕی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام، لەو دەمەی ئەردۆغان لە پـۆستی سەرۆک وەزیردا بوو.
ئەگەربێت و مروە جارێـکی دیکە دادگایەک حوکمی زیندانی بەسەردا بسەپێنێت لەسەر کەیسێـکی دیکە، ئەوا ئەم سزایە و سزاکەی تری بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
مروە ئامادەیی دادگاییکردنەکە نەبوو، بەڵام پارێزەرەکەی عەلی دێنیز جیلان لە دانیشتنی دادگاکە داکۆکی لێکرد و گوتی دەبێت ئەو هونراوەیەی مروە بڵاویکردووەتەوە وەکو ڕەخنەیەکی سیاسی لێی بڕوانرێت نەک سووکایەتیکردن.
لەوەتای مانگی هەشتی ساڵی 2014 کە ئەردۆغان بووەتە سەرۆکی تورکیا، نزیکەی 2000 کەیسی لەم شێوەیە لە تورکیا چووەتە بەردەم دادگاکان.
ئەوەی مایەی سەرنج و سەرسوڕمانە ئەردۆغان خۆی لە ساڵی 1999 ڕەوانەی زیندانکرا لەسەر خوێندنەوەی هۆنراوەیەکی تێکەڵ لە هەستی نەتەوەیی و ئیسلامی کە دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە لەسەری بە دروسـتکردنی ڕق و کینە تاوانباریان کرد.