Accessibility links

تورکیا دەڵێت هەر ڕێکەوتنێکی ئاگربەست لە لیبیا دەبێت مەرجی کشانەوەی هێزەکانی حەفتەری تێدابێت


گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت هەر ڕێکەوتنێک بکرێت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە لیبیا دەبێت مەرجی کشانەوەی هێزەکانی جەنەڕاڵ حەفتەری تێدابێت.

ئیبراهیم کاڵن لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز گوتویەتی ئەنکەرە و مۆسکۆ ڕێکەوتوون پـێکەوە کاربکەن بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێکی بەردەوام لە لیبیا.

گوتیشی هەر ڕێکەوتنێک بکرێت دەبێت لەسەر بنەمای کشانەوە بۆ هێڵەکانی ساڵی 2015 ی بەرەکانی شەڕ بن ، بەمەش دەبێت هێزەکانی جەنەڕاڵ حەفتەر لە سرت و جوفرە بکشێنەوە، واتە ئەو ناوچەیەی ژمارەیەکی زۆری کێڵگە نەوتیـیەکانی لیبیای لێـیە و هەروەها فڕۆکەخانەی لەشکری جوفرە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی وڵاتەکە.

سەبارەت بە بڕیاری قاهیرە بۆ ناردنی لەشکری میسڕی بۆ لیبیا، کاڵن گوتی ناردنی هێزی میسڕی بۆ لیبیا دەبێتە کۆسپ لە بەردەمی هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ. گوتیشی ئەو کارە سەرکێشیـیەکی لەشکری مەترسیدارە بۆ میسڕ، ئەمەش پـێدەچێت مەبەستی ئەوە بێت تورکیا ڕاستەوخۆ بەشداری لەوە شەڕەدا دەکات ئەگەر ڕووبدات.

هێزەکانی حکومەتی ویفاق کە بەشی زۆریان هێزی میلیشیان، قورسە بۆیان بتوانن بە تەنیا ڕووبەڕووی لەشکری میسڕ ببنەوە.

XS
SM
MD
LG