Accessibility links

تورکیا مانۆڕێکی لەشکری لە دەریای ناوەڕاست لە نزیک لیبیا ئەنجام دەدات


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

لەشکری تورکیا مانۆڕێکی ئەنجام دا بە بەشداری هێزی دەریایی و ئاسمانی لە دەریای ناوەڕاستدا، ئەمەش لە کاتێکدا گرژیـیەکان لەسەر لیبیا لە ناوچەکە زیاتربوون.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی مانۆڕەکە ڕۆژی پـێنجشەممە بەڕێوەچوو و لە دورەوە لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان لە ناو تورکیاوە سەرپەرشتی کرا.

لە مانۆڕەکەدا کە 8 کاتژمێری خایاند، 17 فڕۆکەی هێزی ئاسمانی و 8 کەشتی و پاپـۆڕی هێزی دەریایی بەشداریـیان تیاداکرد. بەپـێی ڤیدیۆیەک کە لە لایەن وەزارەتی بەرگری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، فڕۆکەکان لە ئەنتالیاوە هەستاون و بۆ نزیکەی 400 کیلۆمەتر بەرەو باشور لەسەر دەریای ناوەڕاست فڕیون و پاشان ئاڕاستەکەیان گۆڕیوە و نزیکەی 1600 کیلۆمەتر بەرەو ڕۆژئاوا فڕیون هەتا نزیک شاری تەڕابلوسی پایتەختی لیبیا و پاشان بە هەمان ئاڕاستە گڕاونەتەوە.

بەپـێی وەزارەتەکە فڕۆکە جەنگیـیەکان لە ئاسماندا سووتەمەنیان دراوەتەوە.

ئەم ڕاگەیاندنەی تورکیا پاش دوو ڕۆژ دێت لەوەی فەریق محەمەد فەرید سەرۆکی ئەرکانی لەشکری میسر سەردانی ناوچەکانی نزیک سنووری لیبیا کرد و لەگەڵ فەرماندە لەشکریـیەکان کۆبووەوە. بەپـێی عەقید تامر ئەلڕفاعی گوتەبێژی لەشکری میسر، فەریق محەمەد فەرید گوتویەتی لەشکری وڵاتەکەی لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسیـیەک.

جێی ئاماژەیە تورکیا و قەتەر پشتیوانی لە حکومەتی وفاق دەکەن، ئەوەی لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیایە و لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیـیەوە دانی پـیادانراوە، میسر و ئیماراتیش پشتیوانی لە جەنەڕاڵ حەفتەر دەکەن کە بەشێکی گەورەی وڵاتەکە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیەتی.

XS
SM
MD
LG