Accessibility links

لەیلا گوڤەن بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی بەرەو نەخۆشخانە دەبرێت


لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە، ئەوەی ماوەی 98 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە بە ئامانجی فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی تورکیا تاوەکو دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری دەستگیرکراوی پەکەکە لە زیندان باشبکەن.

لەیلا گوڤەنی تەمەن 55 ساڵ ئەمڕۆ چوارشەممە بە پەلە گەیەندرایە نەخۆشخانەیەکی شاری ئامەد.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەکە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ئاشکراکردووە، لەیلا گوڤەن فشاری خوێنی بەرزبووەتەوە و هەست بە ئازار لە سنگی دەکات و ئێستا چاودێری لێدانی دڵی دەکرێت. سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە لەیلا بەو دۆخەوەشەوە ئامادە نیـیە هیچ چارەسەریـیەک وەربگرێت.

لەیلا گوڤەن داوادەکات ئەو گۆشەگیریـیەی خراوەتە سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان لاببرێت. بەپـێی ڕاپـۆرتەکان ئۆجالان لە ساڵی 2011 وە نەیتوانیوە چاوی بە پارێزەرەکانیشی بکەوێت.

جێی ئاماژەیە لەیلا گوڤەن لە 22 ی مانگی یەکی ساڵی 2018 دەستگیرکرا پاش ئەوەی ناڕەزایی دەربڕی لە بەرامبەر هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین. لە میانەی دەستگیرکردنەکەیدا بڕیاری دا مان لە خواردن بگرێت و بە درێژایی ماوەی 98 ڕۆژ لەسەر ئاو و شەکر ژیاوە. دادگای نۆی سزا قورسەکان لە شاری ئامەد لە 25 ی مانگی یەک بڕیاری ئازادکردنی دا پاش ئەوەی باری تەندروستی زۆر تێکچوو و ژیانی کەوتە بەرمەترسیـیەوە.

بەپـێی هەدەپە زیاتر لە 300 زیندانیکراوی دیکە لە سەرانسەری تورکیا هاوسۆزی خۆیان بۆ لەیلا گوڤەن دەربڕیوە.

XS
SM
MD
LG