Accessibility links

بەهۆی تۆپـبارانی لەشکری تورکیا 11 کەسی سڤیلی خەڵکی عەفرین گیانیان لەدەست دا


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئەنجامی تۆپـبارانی شارۆچکەی تەل ڕفعەت لەلایەن لەشکری تورکیاوە، 11 کەسی سیڤیل کوژراون کە هەشتیان منداڵن و ئاوارەی خەڵکی عەفرینن.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت تۆپـبارانەکە ئەمڕۆ هەینی کراوە و گولـلە تۆپ لە نزیک قوتابخانەیەک کەوتووە لەو کاتەی خوێندکارەکان دەڕۆیشتنەوە و لە ئەنجامدا 11 کەس کوژراون و 21 کەسی دیکە برینداربوون. گوتیشی قوربانیـیەکان خەڵکی عەفرینن. ژمارەیەک لە بریندارەکان برینەکانیان قورسە.

تەل ڕفعەت دەکەوێتە پارێزگای حەلەب و لە ڕۆژهەڵاتی عەفرینە و لە ئێستادا زۆربەی ئاوارەکانی خەڵکی عەفرین لەوێ نیشتەجێ بوون.

بەپـێی ڕێکەوتنی ساڵی 2018 ی نێوان مۆسکۆ و ئەنکەرە ناوچەی تەل ڕفعەت لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتی سوریا و ڕووسیایە.

کۆمەڵەی سوریا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا تەرمی قوربانیـیەکان پـیشان دەدات.

XS
SM
MD
LG