Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت لەگەڵ کوردەکانی سوریا دانوستاندن ناکات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەڵێت بە هیچ شێوەیەک دانوستاندن لەگەڵ کوردەکانی سوریا ناکات بۆ ڕەوینەوەی نیگەرانیـیەکانی ئەنکەرە لە بەرامبەر ئەو هێزە کوردیـیانەی بە بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان دایاندەنێت.

ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە بە پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی گوت" ئەوانەی بۆ چەندان ساڵە تێرۆرستانیان داڵدەداوە، دەتوانن خۆیان لەگەڵیاندا سەودا بکەن، بەڵام ئێمە هەرگیز پەنا بۆ ئەو ڕێگەیە نابەین."

گوتیشی هێزە کوردیـیەکان بە درێژایی زیاتر لە 90 کیلۆمەتر تونێلیان لەسەر سنوورەکان لێداوە وە بە چیمەنتۆیەک دروستیانکردوون کە لە لایەن کۆمپانیایەکی فەڕەنسایـیەوە ڕەوانەکراوە.

هەروەها گوتی کاتێک کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەی دەهێنێت کە هێزە کوردیـیەکان چەکەکانیان دابنێن و بنکەکانیان وێرانبکەن و لەو ناوچەیە بکشێنەوە کە تورکیا سنووری بۆ کێشاوە وەک ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا.

باسی لەوەش کرد لە میانەی ئەو ئۆپەراسیۆنی "سەرچاوەی ئاشتی" دەستیانگرتووە بەسەر ناوچەیەکی 1220 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە باکوری خاکی سوریا، بەڵام گوتی هەر کاتێک حکومەتێکی شەرعی لە سوریا پـێکهێنرا و نوێنەرایەتی هەموو پـێکهاتەکانی سوریای کرد، ئەوا ئەو ناوچەیەی ڕادەستدەکەنەوە.

پاشان ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت و گوتی ئەو لێدوانانەی لە کۆنگرێس لە بارەی خۆی و بنەماڵەکەی و وەزیرانی حکومەتەکەی گوتراون، سووکایەتیـیەکی گەورەیە بە دەوڵەتی تورکیا و بەزاندنی سنووریشە.

XS
SM
MD
LG