پـۆلیسی تورکیا لە شاری ئامەد ڕێگری کرد لە ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی دایک و هاوسەری ئەو زیندانیکراوانەی لە بەندیخانەکانی وڵاتەکەدا مانیان لە خواردن گرتووە.
هێزەکانی پـۆلیس ئەمڕۆ پـێنجشەممە گەیشتنە پارکی کۆشویۆڵوی ئامەد، ئەو شوێنەی بڕیاربوو گردبوونەوەکەی لێ ئەنجام بدرێت و ڕاگەیەندراوێکی لێبخوێنرێتەوە، پاشان بە زەبری هێز بڵاوەیان بە دەیان ژن کرد کە بۆ ئەو مەبەستە ڕوویان لە پارکەکە کردبوو و دواتر بە ئۆتۆمبیلی زرێپـۆش گەمارۆی پارەکەکەیان دا.
پەیامنێری ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ژنەکان بەر لەوەی بڵاوەیان پـێبکرێت دورشمیان دەوتەوە و دەیانگوت" شانازی بە بەرهەڵستی نێو زیندانەکان دەکەین" ، "فشارەکان نامانترسێنن". ژنێک بە هێزەکانی پـۆلیسی گوتووە "ئایە دایک هیچ مافێکی نیـیە؟ دایکان لێرەن هەتا ڕۆڵەکانیان نەمرن".
ژنێکییش لە کاتی هێرشی پـۆلیس لە هۆش خۆی چوو و 6 پـیاویش کە بۆ پشتیوانی لە ژنەکان هاتبوون دەستگیرکران.
گردبوونەوەکە بە ئامانجی پشتیوانیکردن بوو لەو هەزاران زیندانیکراوەی مانیان لە خواردن گرتووە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو گۆشەگیریەی خراوەتە سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
بەپـێی هەدەپە لە ئێستادا نزیکەی 3 هەزار کەس مانیان لە خواردن گرتووە و لەم مانگانەی دوایی هەر لەسەر ئەم مەسەلەیە 8 کەس لە زینداندا خۆیان کوشتووە.