Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بڕیاری داوە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زینداندا بهێڵرێتەوە


دادگایەکی تورکیا بڕیاری داوە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پـێشووی هەدەپە لە زینداندا بهێڵرێتەوە، سەرەڕای داوای یەکێتی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی.

مەحسونی قارەمان پارێزەری دەمیرتاش ئەمڕۆ هەینی لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە ڕایگەیاند دادگای 19 ی تاوانە گەورەکانی ئەنکەرە ئەم بڕیارەی داوە لە پاش ئەوەی دەقی داواکەی دادگای یەکێتی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤی پـێگەیشتبوو.

یەکێتی ئەوروپا لە 20 ی ئەم مانگی یازدەیە داوایکرد پەلەبکرێت لە کەیسەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، چونکە هیچ پاساوێک نیـیە بۆ هێشتنەوەی لە نێو زینداندا.

هەروەها فیدیریکا موغێرینی بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئەویش هەفتەی ڕابردوو لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەنکەرە داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کردبوو.

مەحسونی دەڵێت بڕیاری دادگاکە سەرپـێچیە لە ڕێکەوتننامەی دادگای یەکێتی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەروەها یاسایەکی نێو دەستوری وڵاتەکە.

سەڵاحەدین دەمیرتاشی تەمەن 45 ساڵ لە سەرەتای مانگی یازدەی ساڵی 2016 وە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ دەستگیرکراون. لەو کاتەدا هەردووکیان هاوسەرۆکی هەدەپە بوون و تۆمەتبارکراون بەوەی پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن. داواکاری گشتی تورکیا داوایکردبوو دەمیرتاش 142 ساڵ زیندانی بکرێت و فیگەن یوکسەکداغیش 83 ساڵ.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2018 ، زیاتر لە 4 ملیۆن دەنگی بەدەسـتهێنا کە دەکاتە 8.40% ی کۆی دەنگدەران.

XS
SM
MD
LG