Accessibility links

تورکیا جارێکی دیکە ناوچەکانی نزیک شاری کۆبانی تۆپـباران دەکات


میدیاکانی حکومەتی تورکیا دەڵێن لەشکری وڵاتەکەیان بۆ جاری سێـیەم یەکینەکانی پاراستنی گەلیان کردووەتە ئامانج لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات ڕووباری فورات و لە ئاکامدا 4 شەڕڤان کوژراون و 6 ی دیکە برینداربوون.

کەناڵی TRT ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند لەشکری وڵاتەکەی لە ناوچەی شانلی ئورفەوە تۆپبارانی هێزە کوردیـیەکانیان لە ناوچەی کۆبانی کردووە، ئەمەش دووەم جارە لەم ماوەیە ئەو ناوچەیە تۆپـباران بکەن.

هاوکات هێزەکانی سوریای دیموکرات بەیانـنامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێن لەم کاتەی شەڕێکی بێ وێنە لە دژی داعش ئەنجام دەدەن، لەشکری تورکیا هێرش دەکاتە سەر شوێنەکانیان بە درێژایی سنووری نێوان سوریا و تورکیا. دەشڵێن بە مافی خۆیانی دەزانن وەڵام بدەنەوە، بۆیە لە بەرامبەر ئەو هێرشانە ئۆتۆمبیلێکی زرێپـۆشی لەشکری تورکیایان تێکشکاندووە.

لە لایەکی دیکە کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت سەرچاوەکانی گوتویانە سەرلەنوێ تورکیا ناوچە گوندیـیەکانی ڕۆژئاوای شاری کۆبانی تۆپـبارانکردووە و ئامانجی تۆپـبارانەکە هەردوو گوندی سەلیم و کور عەلی بووە.

کۆمەڵەکە دەشڵێت ئەم هێرشانەی تورکیا پاش ئەوە دێن کە دەسەڵاتدارانی تورکیا شکستیان هێنا لە دروستکردنی شەڕێکی خێڵەکی لە نێوان دوو خێڵی ڕەققە بە ئامانجی نانەوەی نائارامی لە ناوچەکەدا.

پـێشتر کاربەدەستانی تورکیا گوتویانە کاردەکەن بۆ نەهێشتنی هێزە کوردیـیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات بە هاوشێوەی ئەوەی لە عەفرین کردوویانە.

XS
SM
MD
LG