Accessibility links

ئەردۆغان ناڕەزایەتی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە


سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە ڕەخنەی توندی لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان گرت و دەڵێت لەم زووانە وڵاتەکەی خاڵە سنووریـیەکانیشی بە ڕووی هەرێم دادەخات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە وتارێکیدا لە ئەنکەرە گوتی پـیلانگێڕی هەن بۆ دابەشکردنی سوریا و عێراق، وە ئامانج لێـیان گەمارۆدانی تورکیایە لە باشور، بۆیە ئەنکەرە کاردەکات بۆ پـوچەڵکردنەوەی ئەم پیلانگێڕیانە بە هاوشێوەی پـیلانەکانی پـێشوو.

پاشان ڕووی دەمی کردە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و گوتی " ئێستا لە پاش سووربوونتان لەسەر ڕیفراندۆمی جیابوونەوەکە چی دەکەن؟.. لە باکور تورکیایە و لە باشور حکومەتی بەغدایە و لە ڕۆژئاوا سوریایە و لە ڕۆژهەڵات ئێرانە. بۆ کوێ دەڕۆن؟ و چۆن دێن و دەڕۆن لە هەرێم؟ ئاسمان بە ڕووتان داخرا و لەم زووانە خاڵە سنووریـیەکانیش بە ڕووتان دادەخرێن."

ئەردۆغان جارێکی دیکە ڕەتکردنەوەی تورکیای بۆ ڕیفراندۆمەکەی هەرێم دووپاتکردەوە، بەڵام گوتی ڕەتکردنەوەکەیان پەیوەندی بە کوردەوە نیـیە، بەڵکو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕیفراندۆمەکە بە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەنکەرە ئەنجامدراوە و هەروەها لە کاتێکدا کە عێراق پـێویستی بە یەکگرتوویی هەیە. گوتیشی ئەمە خیانەتە لە یەکپارچەیی خاکی عێراق.

ئەردۆغان ڕووی دەمی کردە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گوتی" تۆ لەسەر مێزەکەت دانیشتوویت و لە دەستە ڕاستت وەزیری پـێشووی فەڕەنسا دانیشتووە و لە دەستە چەپت جولەکەیەکی دیکە، ئەمانە دۆستت نین، ئەمڕۆ لە پاڵتن و سبەی دیارنامێنن، بۆیە دەبێت لەگەڵ ئێمە هاوکاربیت."

لە لایەکی دیکە بەکر بۆزداغ جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا و گوتەبێژی حکومەت داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کرد لە ڕیفراندۆمەکە پاشگەزببنەوە.

گوتی دەبێت بارزانی ڕایبگەیەنێت ئەو ڕیفراندۆمەی لە کۆتایی مانگی ڕابردوو ئەنجامی داوە هەڵوەشاندووەتەوە و هیچ لە حاڵەتی ئێستای ناوچەکە ناگۆڕێت و هەرێم پابەند دەبێت بە بەندەکانی دەستوری عێراق.

گوتیشی دەبێت حکومەتی هەرێمی بەبێ هیچ مەرجێک لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا دابنیشێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان. هەروەها گوتی هەریەک لە تورکیا و ئێران و عێراق چاودێری پـێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەن و ئەم وڵاتانە ڕێگە نادەن کارێک بکرێت کە بە گوتەی خۆی ببێتە مایەی شەڕی نوێ لە ناوچەکەدا.

XS
SM
MD
LG