Accessibility links

تورکیا لە فشارەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بەردەوامە


وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت شیانی هەیە بە دابەشکردنی عێراق یان سوریا شەڕێـکی جیهانی هەڵبگیرسێت کە کۆتایی نەیەت.

نورەدین جانیکلی ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێـکیدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی"پـێشێلکردنی یەکپارچەیی خاکی عێراق مەترسیەکی گەورە بۆ سەر تورکیا دروست دەکات."

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەنکەرە ڕێگە نادات دەوڵەتێـک لەسەر بنەمانی نەژادی لە باشوری وڵاتەکەی دروستببێت و گوتی "کەس گومانی لەوە نەبێت کە هەموو هەنگاو و بڕیارێـک دەدەین بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندی ئەم مەترسیـیە."

لە لایەکی دیکە ئوزتورک یڵماز جێگری پارتی جەهەپە گوتی" دەبێت حکومەتی تورکیا ماوەی 24 کاژمێر مۆڵەت بە بارزانی بدات و پـێی ڕابگەیەنێت باشترە واز لەمە بهێنێت. ئەگەر پاشگەز نەبووەوە، ئەوا ئەو کاتە دەبێت حکومەت بۆ کۆمەڵێـک شت ئامادەکاری بکات، لەوانە ڕێوشوێنی لەشکری و سیاسی و ئابوری."

هاوکات ڤۆلکان ئۆزدەمیر سەرۆکی ئنستتیوتی بازاڕی وزە و سیاسەت بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی تورکیای گوتووە لەم کاتەی نرخی بەرمیلێـک نەوت لە 60 دۆلار نزیکبووەتەوە، تورکیا شتێکی گرنگی لەدەستدایە، ئەویش هەناردەی نەوتی هەرێمە، وە ئەگەر ڕایبگرێت، ئەوا هەرێم هیچ هێزێـکی ئابوری نابێت.

هەروەها لەشکری تورکیا لە نزیک سنووری هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوەوە و دەڵێن بۆ مانۆڕ و مەشق و ڕاهێنانی لەشکری هاتوونەتە ئەوێ و هەتا 26 ی مانگی نۆ لە ناوچەکە دەمێنـنەوە، واتە بە ڕۆژێـک پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە.

XS
SM
MD
LG