Accessibility links

تورکیا زیاتر لە 200 ئەندام و لایەنگری هەدەپە دەسـتگیردەکات


پـۆلیسی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە زیاتر لە 200 ئەندام و لایەنگری هەدەپەی دەسـتگیرکردووە بە تاوانی پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردسـتانەوە.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند بە لایەنی کەم 235 کەس لە 11 پارێزگای وڵاتەکە دەسـتگیرکراون بە تۆمەتی بەشداریکردن لە چالاکیـیەکانی پەکەکە و بڵاوکردنەوەی نووسین بۆ پشـتیوانیکردن لە پەکەکە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکاندا.

لە نێو دەسـتگیرکراوەکان بەرپـرسانی هەدەپەی تێدایە لە شارەکانی ئستەنبوڵ و ئەنکەرە و شانلی ئورفە و هەکاری و غازی عەنتاب و مانیسا و ئەدەنە و مەرسین.

لە ئستەنبوڵ بە لایەنی کەم 20 کەس دەسـتگیرکراون، لەوانە ئەیسەل گوزەل بەرپـرسی هەدەپە لە ئستەنبوڵ. لە ئەنکەرەش بە لایەنی کەم 18 کەس دەسـتگیرکراون، لەوانە ئیبراهیم بینجی.

ئەم دەسـتگیرکردنانە پاش هەردوو تەقینەوەکەی شەوی شەممەی ئستەنبوڵ دێت کە بوونە مایەی کوژرانی 44 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن لەسەر ئەو تەقینەوانە 13 کەسیان دەسـتگیرکردووە کە گومان لێ دەکەن دەسـتیان لە تەقینەوەکاندا هەبووبێت.

ڕێکخراوی تاک بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG