Accessibility links

ژمارەی ئاکادیمیـیە دەسـتگیرکراوەکان لە تورکیا گەیشتە 27


دەزگاکانی ڕاگەیاند لە تورکیا دەڵێن ژمارەی ئەو کەسە ئاکادیمیـیانەی هێزەکانی حکومەتی وڵاتەکەیان دەسـتگیریان کردوون لەسەر مۆرکردنی ئەو یاداشتنامەیەی داوای ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچە کوردیـیەکان دەکات، گەیشتووەتە 27 .

دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن ئەم ئاکادیمیـیانە بە یاداشتنامەکە پرۆپاگەندەیان بۆ تێرۆرستان کردووە و هەروەها سووکایەتیـیان بە دامودەزگاکانی کۆماری تورکیا کردووە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە لێدوانێـکیدا بە تابوری پـێنجەم ناودێری کردن و گوتی بە ڕوونی لایەنگری خۆیان بۆ پەکەکە دەربڕیوە.

یاداشتنامەکە کە " نابینە شەریکی ئەم تاوانانە " ناونیشانەکەیەتی، لە لایەن 1200 مامۆستا و ڕۆشنبیری 90 زانکۆی تورکیاوە مۆرکراوە. تیایدا هاتووە ناوچە کوردیـیەکان دووچاری برسێتی و توینێتی بوونەتەوە بەهۆی گەمارۆی هێزەکانی حکومەت و هەروەها بە چەکی قورس لە ناوچەکانی خەڵکی سیڤیل دەدرێن، بۆیە داوا دەکەن کۆتایی بەو ڕەوشە ناهەموارە بهێنرێت و جارێـکی دیکە پـرۆسەی ئاشتی دەسـتپـێـبکاتەوە.

یاداشتنامەکە هەروەها لە لایەن کەسانی ناوداری بیانیشەوە مۆرکراوە، لەوانە فەیلەسوفی بەناوبانگی ئەمەریکایی نوام چۆمسکی.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت لە پاش دەسـتگیرکردنەکان زیاتر لە 2 هەزار پارێزەر لەسەر ئنتەرنێت یاداشتنامەیەکیان مۆرکردووە کە تیایدا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بەبێ بەرامبەر داکۆکی لەو ئاکادیمیایانە بکەن.

ڕۆیتەرز دەشڵێت پـرۆفیسۆرێـکی یاسا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لە ترسی ئەوەی ئەویش دەسـتگیر نەکرێت، گوتویەتی یاداشتنامەکەی ئەو ئەکادیمیـیانە مۆریان کردووە بە هیچ شێوەیەک بانگەشە بۆ ڕق و کینە ناکات و هەروەها خەڵکیش هان نادات تاوان ئەنجام بدەن.

جان باس باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا لە بەیانـنامەیەکدا ناڕەزایی خۆی لە بارەی دەسـتگیرکردنی ئەو ئاکادیمیایانە دەربڕی. تیایدا نووسیویەتی هەرچەندە ئێمە لەگەڵ یاداشتنامەکەیاندا نین، بەڵام دەربڕینی نیگەرانی مانای پـشـتیوانیکردن نیـیە لە تێرۆرزم و ڕەخنەگرتنیش لە حکومەت مانای خیانەت نیـیە.

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ی ئۆپۆزسیۆن ئەویش ناڕەزایی دەربڕی و ڕایگەیاند دەسـتگیرکردنەکان بە هیچ شێوەیەک یاسایی نین.

XS
SM
MD
LG