Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت یەپەگە تەنیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچەی زیاتر لە سوریا دەدات

  • VOA News

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئەوانەی ئەمەریکا پـڕچەکیان دەکات تەنیا مەبەستیانە ناوچەی زیاتر لە سوریا کۆنترۆڵبکەن.

مەولود چاویش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە وتارێکیدا لە پەرلەمان گوتی یەپەگە بەپـێی بەرژەوەندیـیەکانی خۆی شەڕی داعش دەکات. گوتیشی یەپەگە لەگەڵ داعش لە ڕەققە ڕێکەوتنیان کردووە بۆ کشانەوەی چەکدارانی داعش لە شارەکە.

هەروەها گوتی کاربەدەستانی ئەمەریکا دەیانگوت یەپەگە شەڕی داعش دەکات، بەڵام ئەوەی بینیویانە یەپەگە ئامانجی شەڕی دژی داعش نیـیە، بەڵکو هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچەی زیاتر دەدات و پاشان سەربازگەی لێ‌دابمەزرێنێت.

باسی لەوەش کرد پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و واشنتن گرژیـیان تێکەوتووە بەهۆی دوو هۆکار، یەکەم پـڕچەککردنی هێزەکانی یەپەگەیە و دووەم چالاکیـیەکانی ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن لە ئەمەریکا. گوتیشی ئەمەریکا هیچ هەنگاوێک نانێت بۆ ڕادەستکردنی گولەن کە لە ئێستادا لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمەریکا دەژی.

لەگەڵ ئەوانەشدا مەخابنی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر دواکەوتنی ئەمەریکا لە پـێدانی ئامێری لەشکری بە تورکیا و گوتی پـێویستی بە پەلەیان بۆ ئەو ئامێرانە هەیە بۆ شەڕی دژی تێرۆرزم، بۆیە لە ئێستادا ئەنکەرە کار بۆ بەدەستهێنانی ئەڵتەرناتیڤی ئەو ئامێرانە دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا گوتی دەبێت کێشەکانی نێوان ئەنکەرە و واشنتن بە ڕێگەی وتووێژ چارەسەربکرێن.

چاویش‌ئۆغڵو لە بەشێکی قسەکانی باسی لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی خودی خۆی بە شێوەیەکی دۆستانە مەسعود بارزانی سەرۆکی پـێشووی هەرێمی لە ئاکامەکانی ڕیفراندۆمەکە ئاگادارکردبووەوە کە دۆخەکە بەوەی ئەمڕۆ دەگات، بەڵام بەگوێی نەکردبوو.

ئۆغڵو گوتیشی" نازانین چ لایەنێک بارزانی هاندابوو و بەکارهێنابوو و ئەویش بڕوای پـێکردووە، بەڵام ئەوەتا ئەمڕۆ هەست بە هەڵەکەیان دەکەن و دەستکەوتەکانیان دۆڕاند لە کاتێکدا بەنیازبوون دەستکەوتی زیاتریان هەبێت."

XS
SM
MD
LG