Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا: ئەمەریکا بکێشێتەوە یان نا ئێمە هێرشی خۆمان دەکەین


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێننەوە یان نا، ئەوا وڵاتەکەی هەر هێرشی خۆی دەکاتە سەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە میانەی چاوپـێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی NTV ی تورکی گوتی یەپەگە و پەیەدە جێی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، بۆیە لە پـلانەکەیان پاشگەز نابنەوە.

گوتیشی پـلانی وڵاتەکەی بۆ چوونە ناو بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە خاکی سوریا بەر لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بووە بۆ کشانەوە لە سوریا.

باسی لەوەش کرد دەسەڵاتدارانی ئاسایشی لە ئەمەریکا هەوڵ دەدەن سەرۆکی ئەمەریکا پاشگەزبکەنەوە لە بڕیاری کشانەوەکە.

ڕەخنەشی لە ئەمەریکا گرت و گوتی ئەگەر نەخشە ڕێگای مەنبج وەک چۆن بەرنامەی بۆ دانرابوو جێبەجێ بکرایە، ئەوا ئێستا ئەو ناوچەیە لەلایەن خەڵکەکەیەوە بەڕێوەدەبرا.

چاوش‌ئۆغڵو گوتیشی بە ئەمەریکایـیەکانیان گوتووە هەموو کارئاسانیـیەکی لۆجستیـیان بۆ دەکەن لە کاتی کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا.

گوتیشی بەنیازە ئەمڕۆ پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنجام بدات.

XS
SM
MD
LG