Accessibility links

سەرۆکی تورکیا دەڵێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هێرش دەکەنە سەر هێزە کوردیـیەکان لە سوریا


سەرۆکی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی لەم زووانە ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری نوێ دەسـتپێدەکات لە دژی ئەو هێزە کوردیـیانەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتیوانیان لێدەکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێکیدا لە کۆنگرەی پیشەسازی بەرگری تورکی لە ئەنکەرە گوتی ئەمەریکا دەسی‌دەسیـیان پـێدەکات لە مەسەلەی مەنبج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو نەخشە ڕێگایەی پـێشتر ئەنکەرە لەگەڵ واشنتن پـێی گەیشتبوو بۆ چۆڵکردنی شاری مەنبج لە هێزەکانی یەپەگە، ئەوەی تورکیا بە باڵێکی پەکەکە ناودێریان دەکات.

ئەردۆغان گوتیشی لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئۆپەراسیۆنەکەیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دەسـتپـێدەکات. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هیچ دژایەتیـیەکیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا نیـیە و هەروەها بۆ ئەو سەربازانەی ئەمەریکا لە سوریا.

جەختی لەوەش کرد سەرەڕای ئەوەی دانیشتوانی مەنبج 80 بۆ 85% ی عەرەبن، بەڵام ئەو شارە لە ژێر دەستی هێزە کوردیـیەکاندایە.

پاشان باسی لە داعش کرد و گوتی هیچ هەڕەشەیەکی داعش لە سوریا نەماوە و ئەوەی لەم بارەیەوە باسدەکرێت قسەی بێ بنەمان.

سەرۆکی تورکیا نیگەرانی خۆی نیشان دا لە بەرامبەر پتەوبوونی پەیوەندیـیەکانی نێوان هێزە کوردیـیەکان و ئەمەریکا، گوتی "هەتا دێت و ڕۆژانە پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕێکخراوە جوداخوازەکان دەچێتە ئاستێکی پـێشکەوتووترەوە. تەنانەت گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئەمەریکا ئاڵای ئەو ڕێکخراوانە لە پاڵ ئاڵاکانی خۆی بەرزدەکاتەوە."

جێی ئاماژەیە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی ئەمەریکا گوتی ئەمەریکا پـێویستی بە ڕاهێنانی 35 هەتا 40 هەزار جەنگاوەر هەیە لە سوریا و هەتا ئێستا 20% ی ئەو کارە ئەنجامدراوە.

ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا بووەتە جێی ناڕەزایی توندی کاربەدەستانی تورکیا کە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیانی دادەنێن.

تورکیا مەترسی هەیە ئەو ناوچە فراوانەی ڕۆژهەڵاتی باکوری سوریا ببێتە پەناگەیەکی دیکەی پەکەکە لە ناوچەکە.

XS
SM
MD
LG