Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت ناوچەی دیکە لە باکوری سوریا بە هاوشێوەی عەفرین کۆنترۆڵ دەکات


دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناو تورکیا دەڵێن سەرۆکی وڵاتەکەیان گوتویەتی ئەنکەرە کرداری لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە سوریا دەبێت و بە گوتەی خۆی ناوچەی پارێزراوی لێ دادەمەزرێنن بە هاوشێوەی ئەوەی لە عەفرین کردوویانە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە ئێستادا لە نیویۆرکە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وتارێکیدا لەوێ گوتویەتی" ئینشالله لە ماوەی داهاتوودا ناوچەی پارێزراوی دیکە لە سوریا زیادەکەین بە شێوەیەک ڕۆژهەڵاتی فوراتیش بگرێتەوە."

پـێشتر ئەردۆغان ئاگاهی داوە ئەگەر پـێوست بکات، ئەوا ئۆپەراسیۆنی دیکەی لەشکری لە دژی هێزە کوردیـیەکانی سوریا ئەنجام دەدەن.

لە لایەکی دیکە ڕۆژنامەی کۆمێرسانت Kommersant ی ڕووسیا ئەمڕۆ لە ڕاپـۆرتێکی نووسیویەتی سەرۆکی تورکیا زۆر ناڕازیـیە لەو پشتیوانیـیە گەورەیەی ئەمەریکا لە یەپەگەی دەکات، بە تایبەتی لەم دوایـیانە. ڕۆژنامەکە دەڵێت لە ئێستادا ئەردۆغان چاوەڕێی پشتیوانی ڕووسیایە بۆ شەڕی لە دژی یەپەگە.

XS
SM
MD
LG