Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا: ڕەنگە ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە دژی یەپەگە و پەکەکە ئەنجام بدەین


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت ئەگەر هێزە کوردیـیەکان لە شارۆچکەی مەنبجی باکوری ڕۆژهەڵاتی حەلەب نەکشێنەوە، ئەوا تورکیا بە هێزی لەشکری خۆی لەوێ نایانهێڵێت.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ سێشەممە لە چاوپێـکەوتنێـکدا لەگەڵ کەناڵ 24 ی تورکی گوتی بە ئەمەریکایـیەکانیشمان گوتووە ئەگەربێت و پەیەدە، پەکەکە مەنبج چۆڵ نەکەن، ئەوا بە ڕێگەی خۆیان وەدەریان دەهێنن، کە مەبەستی هێرشی لەشکریـیە.

هەروەها گوتی هەر هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر تورکیا هەبێت و پـێویست بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی بکات ئەوا ئەنجامی دەدەن. باسی لە شەنگال کرد کە لە ئێسـتادا هێزی پەکەکەی لێـیە و گوتی ئەگەر لەوێشەوە تورکیا ڕووبەڕووی هەڕەشە ببێتەوە، ئەوا یاسا نێودەوڵەتیـیەکان مافی ئەوەی دەداتێ هێز لەوێش بەکاربهێنێت.

تورکیا مەترسی هەیە باکوری سوریا و شەنگالیش ببنە بنکەیەک بۆ پارتی کرێکارانی کوردسـتان، وە یەپەگە و پەیەدە بە باڵێـکی پەکەکە ناودێردەکات و لە ئێسـتادا بە ئاشکرایی لە یەپەگە دەدات و بەپـێی لەشکری تورکیا هەر دوێنێ دووشەممە لە 15 شوێنی یەپەگەیان لە ناو سوریا داوە.

XS
SM
MD
LG