Accessibility links

سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕەتیدەکاتەوە بە کەلەپچەکراوی بۆ دادگا ببرێت


پارتی دیموکراتی گەلان لە تورکیا (هەدەپە) دەڵێت هاوسەرۆکەکەیان ڕەتیکردووەتەوە بە کەلەپچەکراوی ببرێت بۆ دانیشتنی دادگایی‌کردنەکەی لە ئەنکەرە.

هەدەپە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە بەندیخانەی ئەدرنەیە لە باکوری ڕۆژئاوای تورکیا، داوای لێکرابوو ئەمڕۆ هەینی خۆی ئامادەبکات تاوەکو بەرەو ئەنکەرەی پایتەخت ببرێت و لەوێ دادگایی بکرێت. پـۆلیس پـێی گوتووە دەبێت بە کەلەپچەکراوی ببرێت، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە و گوتویەتی هێشتا ئەو پەرلەمانتارە و ئامادە نیـیە بە کەلەپچەکراوی بچێتە بەردەم دادگا.

پـۆلیسەکانیش گوتویانە بەبێ کەلەپچە نابرێت و بەرەو ژورەکەی لە بەندیخانە گەڕاندویانەتەوە.

لە ئەنکەرەش پارێزەرانی سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک دەربڕینی ناڕەزایی هۆڵی دادگاکەیان جێهێشتووە و هاوکات پـۆلیس لە دەرەوەی دادگا بڵاوەی بە کۆمەڵێـک خەڵک کرد کە لەوێ گردبووبوونەوە.

جێی ئاماژەیە لە سەرەتای مانگی یازدەی ساڵی 2016 وە هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و چەندان پەرلەمانتاری سەر بەو پارتە دەستگیرکراون و ئێستا لە زینداندان بە تۆمەتی جۆراوجۆر، لەوانە پـرۆپاگەندە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.

داواکاری گشتی تورکیا داوای کردووە دەمیرتاش 142 ساڵ زیندانی بکرێت و فیگەن یوکسەکداغیش 83 ساڵ.

هەدەپە دەڵێت نزیکەی 5 هەزار ئەندامی دیکەی لە پاش هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو دەسـتگیرکراون.

هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی 7 ی مانگی شەشی ساڵی 2015 ، لە کۆی 550 کورسیـیەکەی پەرلەمانی تورکیا 80 کورسی بردەوە، بەڵام ئاکەپە لەگەڵ پارتەکانەدا ڕێکنەکەوت بۆ پـێکهێنانی حکومەت، بۆیە لە 1 ی مانگی یازدەی 2015 هەڵبژاردنەکان دووبارەکرانەوە و ژمارەی کورسیـیەکانی هەدەپە بۆ 59 دابەزین.

هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2014 ، سەڵاحەدین دەمیرتاش نزیکەی 4 ملیۆن دەنگی بەدەسـتهێنا کە دەکاتە 9.76% لە کۆی دەنگدەران. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە دەنگی 21 ملیۆن کەس کە 51.79% ی دەنگدەرانی دەکرد پـۆستی سەرۆکایەتی بردەوە.

ئێستا سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدرنەیە کە نزیکەی 1500 کیلۆمەتر لە ئامەدەوە دورە.

XS
SM
MD
LG