Accessibility links

دادگایی‌کردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەسـتیپـێکرد


دادگایی‌کردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە نزیک ئەنکەرەی پایتەخت دەسـتیپێکرد و کاربەدەستانی تورک ڕێگەیان نەدا شاندێکی نێودەوڵەتی ئامادەی دادگایی‌کردنەکە ببێت.

دەمیرتاشی تەمەن 44 ساڵ کە لەوەتای 4 ی مانگی یازدەی ساڵی 2016 وە لەگەڵ 10 پەرلەمانتاری دیکەی پارتەکەی دەسـتگیرکراوە، ئەمڕۆ پـێنجەشەممە لە کۆمەڵە بینای زیندانی سنجانی ڕۆژئاوای ئەنکەرە یەکەم دانیشتنی دادگایی‌کردنەکەی بەڕێوەچوو.

شاندێکی نێودەوڵەتی کە ژمارەیەک پەرلەمانتارانی ئەوروپای لە نێودایە، هەوڵیان دا چاودێری پـرۆسەی دادگایی‌کردنەکە بکەن، بەڵام ڕێگەیان پـێ‌نەدرا و ناچار گەڕانەوە بۆ ئەنکەرە و لەوێ لە بارەگای هەدەپە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان سازکرد و تیایدا ناڕەزایی توندی خۆیان دەربڕی و بەڵێنیان دا ئەوەی بە چاوی خۆیان بینیویانە بۆ کاربەدەستانی وڵاتەکانیان بیگەیەنن.

دەستەی پارێزەرانی دەمیرتاش دەڵێن ڕۆژی یەکشەممە ئۆفیسی یەکێک لە پارێزەرەکانیان بڕاوە و ئەو کۆمپـیوتەرە دزراوە کە یاداشتنامەی خۆیانی تیادا ئامادەکردبوو بۆ دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پـێنجشەممە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا هەدەپە تاوانباردەکەن بەوەی باڵی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستانە، بەڵام هەدەپە لای خۆیەوە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت بۆیە دەکرێتە ئامانج چونکە لە دژی سیاسەتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیایە.

هەدەپە دەڵێت حکومەت یاداشتنامەیەکی تاوانبارکردنی لە دژی دەمیرتاش ئامادەکردووە کە لە 500 لاپەڕە پـێکهاتووە و هەموو تۆمەتەکان پەیوەستن بە کاری سیاسیـیەوە کە لە میانەی وتار و ڕاگەیاندنە ڕۆژنامەوانیـیەکانی باسی لێوەکردوون.

هاوکاتی دادگایی‌کردنەکە سەدان کەس لە بەردەم دادگاکە گردبووبوونەوە بە مەبەستی دەربڕینی پشـتیوانی بۆ دەمیرتاش.

یەک لە بەشداربووان بە فڕانس پـرێسی گوت" تاکە تاوانی دەمیرتاش ئەوەیە نەیاری ئەردۆغانە." هەروەها کۆمەڵێک دروشمیان بەرزکردبووەوە، لەوانە "هەرگیز فشار چۆکمان پێ دانادات" ، " هەدەپە هیوایە و هیوا بۆ هەمیشە هەیە"

ئەگەر بێت و دادگا بڕیار بدات دەمیرتاش ئەو تاوانانەی کردووە کە داواکاری گشتی ئاڕاستەی کردووە، ئەوا بۆی هەیە هەتا 142 ساڵ حوکمی زیندانی بدرێت.

XS
SM
MD
LG