Accessibility links

مەسعود عەبدولخالق: تورکیا نیازی زۆر مەترسیداری هەیە


هێزەکانی تورکیا لە کردەی لەشکری ئەم دوایـیانەیان بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان لە نێو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوامە و سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان دەڵێت مەبەست لەم هەڵمەتە لەشکرییە بۆ لەناوبردنی تیرۆرە دژ بە ئاسایشی تورکیا وەک ئاماژەیەک بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.

ئایا ئەمە تەنها ئامانجە لەم هەڵمەتە لەشکرییەی تورکیا یان مەبەستی دیکەیان لە پشتەوەیە و رۆژگار ئەوە دەردەخات ؟

مەسعود عەبدولخالق سەرۆکی دەزگای میدیایی ستاندەرد دەڵێت تورکیا دوای تەواوکردنی شەڕی دژ بە پەکەکە ، ئەو کاتە راستەوخۆتر هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان . دەشڵێت وێڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان لە دەستوری عێراقدا بە فەرمی ئاماژەی پێکراوە ، بەڵام تورکیا هەتا ئێستاش بە هەرێمی باکوری عێراق ناوی دەبات و هەرگیز ناڵێت هەرێمی کوردستان .

مەسعود عەبدولخالق دەڵێت سیاسەتی تورکیا دژایەتیکردنی هەموو بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی کوردییە و مەسەلەی ڕەچاوکردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە دەبێت بە ڕێکەوتن و هاوئاهەنگی نێوان ئەو دوو لایەنە بێت .

دەشڵێت "تورکیا لە ئێستادا لە مەیداندا وەکو تاکە سوار دژی بزوتنەوەی کوردی و دژی هەر چوار پارچەی کوردستان، بۆیە دەبێت برادەرانی پارتی ئەوە بزانن کە لە دوای پەکەکە نۆبەی ئەوان دێت و هەموو لەسەر ئەوە کۆکین، وە پەکەکەش دەبێت بزانێت بەو شێوازەی ئێستا هەڵەیە و پاساو دەداتە تورکیا، بۆیە دەبێت هەردوولا لەو حاڵەتی نا هاوسەنگیـیە بێنەخوار."

مەسعود عەبدولخالق دەشڵێت بەداخەوە سەرکردایەتی کورد زۆر نە شارەزایە و هەتا ئێستا نازانێت ستراتیجییەت چییە . سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئەگەر پارتێکی دیکە دەسەڵات لە تورکیا بگرێتەدەست ، ئایا هیچ گۆڕانکاری لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر دۆزی کورد دێتە ئاراوە؟ لە وەڵامدا دەڵێت نەخێر.

سمکۆ عەزیز لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ئەم تەوەرەیەی لەگەڵ بەڕێز مەسعود عەبدولخالق تاوتوێکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:43 0:00


XS
SM
MD
LG