Accessibility links

جم‌وجۆڵە سەربازیـیەکانى تورکیا لە هەرێمی کوردستان


هاوکات لەگەڵ هێرشەکانیدا بۆ سەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا، تورکیا چاوى لەسەر هەرێمى کوردستانیشە و جم‌وجۆڵ و چالاکیـیەکانى چڕکردۆتەوە.

ڕۆژى 15 ى ئەم مانگە، دوو بەرپرسى باڵاى پەکەکە لە چیاى ئەزمەرى سلێمانى لەلایەن فڕۆکەکانى تورکیاوە کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا، دواى هەفتەیەک لە هێشتنەوەى ڕووداوەکە بەنهێنى، دواجار ئەمڕۆ سێشەمە، ئاسایشى هەرێم و پەکەکە لەدوو راگەیەنراوى جیادا، کوژرانى دەمهات عەگید و جەمیل ئامەدیان ڕاگەیاند.

جاویدان کەمال نوێنەرى کانتۆنەکانى ڕۆژئاوا لەهەرێمى کوردستان، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"بە ئامانج کردنى بەرپرسانى پەکەکە لە چیاى ئەزمەر، جگە لەوەى پێشێلکردنى سەروەرى عێراقە، هاوکات تاوانیشە، چونکە لەنێو ئاوەدانیدا بە ئامانج کراون."

وتیشى"میت ژمارەیەکى زۆر سیخورى بڵاوکردۆتەوە، لە ڕێگەى سیخوڕەوە ئۆتۆمبێلى دەمهات عەگید بۆ فڕۆکە دەستنیشانکراوە."

لە ڕاگەیەندراوەکەى ئاسایشى هەرێمى کوردستاندا، ئەوە ئاشکرا کراوە کە دوو بەرپرسەکەى پەکەکە لەلایەن فرۆکەى تورکیەوە کراونەتە ئامانج، پەکەکەش لە راگەیەنراوێکدا، هۆکارى رۆیشتنى دوو بەرپرسەکەى بۆ سلێمانى بۆ کێشەى تەندروستى گێڕاوەتەوە و داواى لێکۆڵینەوەى کردووە.

شەوى رابردووش، فڕۆکە بەسەر کەمپى مەخموردا سوڕاوەتەوە، کە ئەو کەمپە ژمارەیەک ئەندامى پەکەکەى تێدایە و گومان دەکرێت فرۆکەکان تورکى بن، ئەمەش مەترسى بە ئامانج کردنى کەمپەکەى لاى بەرپرسانى هەرێم زیاتر کردووە.

جاویدان کەمال، وێڕاى پشتراستکردنەوەى سورانەوەى فرۆکەى تورکى بەسەر ئاسمانى کەمپى مەخموردا، وتى"ئەو کەمپە چەندین جار لەلایەن تورکیاوە بۆمبارانکراوە."

هاوکات لەگەڵ چالاکیە ئەمنى و سەربازیەکانیدا لە هەرێمى کوردستان، تورکیا چاوى لەسەر شارى کەرکوکە و بەپێى وتەى بەرپرسان، نزیکەى 600 گەنجى تورکمانى چەکدار کردووە.

ئازاد جەبارى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"ماوەى ساڵێکە تورکیا سەرقاڵى چەکدارکردنى گەنجانى تورکمانە لەکەرکوک، ژمارەیەکیشیان بۆ بینینى خول براونەتە ئەو وڵاتە."

وتیشى"رەنگە تورکیا ئەو چەکدارە تورکمانانەى کەرکوکى بۆ حاڵەتى کوت و پڕ ئامادە کردبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا ناتوانێت هێز بهێنێتە سنورى کەرکوک، چونکە عێراق خاوەنى سیادەیە و تورکیاش لەسنورى تورکیاوە دوورە."

دەنگى ئەمەریکا، پەیوەندى بە ژمارەیەک بەرپرسى بەرەى تورکمانیەوە کرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە. لاى خۆیەوە نازم کەهیە کە سەرۆکى پارتێکى تورکمانی نزیکە لەکورد لە کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد دروستکردنى هێز لەلایەن تورکیاوە بۆ تورکمانەکانى کەرکوک تازە نیە، بەڵکو کۆنە، هێزەکەشیان تۆکمە و بەهێز نیە، بەڵکو لاوازە.

نازم کەهیە، روونیکردەوە چەکدارە تورکمانەکان لەلایەن تورکیاوە موچەیان پێدەدرێت، هەر چەکدارێک موچەى مانگانەى 500 دۆلارە ، وتى"تازە خورماتوو: 40 بۆ 50 چەکدار، چەرداخلو:25 چەکدار، چیەچڵان 75 بۆ 100 چەکدارى تێدایە."

لەحاڵەتى سەرگرتنى هێرشەکانیدا لە باکورى سوریا، چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغى داهاتوو، تورکیا سیناریۆکانى فراوان بکات و لەسەر مەسەلەى قەندیل و کەمپى مەخمور، فشار لەسەر هەرێم و بەغدا دروست بکات.

به‌رنامه‌کانی کاژمێری یه‌که‌م
please wait

No media source currently available

0:00 0:59:53 0:00


XS
SM
MD
LG