Accessibility links

تورکیا دەڵێت بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و ئێران دەروازەکان بە ڕووی هەرێمی کوردستاندا دادەخات


گوتەبێژی سەرۆکی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و ئێران دەروازەکانی بە ڕووی هەرێمی کوردستان دادەخات، ئەمەش وەک سزایەک لە بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمەی هەرێم لە 25 ی مانگی نۆ بۆ سەربەخۆیی ئەنجامی دا.

ئیبراهیم کالین ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە میانەی لێدوانی بۆ پەیامنێران لە ئستەنبوڵ، پـرسیاری لێکرا" ئایا مەسەلەی داخستنی دەروازە سنووریـیەکان و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی باکوری عێراق بۆ تورکیا لە نێو کارنامەکەتاندایە؟" ئەویش لە وەڵامدا گوتی " هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێیان دەکەین و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و تاران، وە لێرەدا بەرپـرسیارێتی گەورە لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی مەسعود بارزانیـیە."

گوتیشی" ئەگەر بێت و بەڕێوەبەرایەتی باکوری عێراق ئەوەی لەسەر شانیەتی ئەنجامی بدات کە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەیە، ئەوا هیچ هۆکارێک نابێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن لە دژی، بەڵام ئەگەر هەر لەسەر هەڵەکەی سووربێت، ئەوا باش بزانێت بێگومان ئاکامی دەبێت."

چاوەڕوان‌دەکرێت بن عەلی یڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا ڕۆژی یەکشەممە سەردانی بەغدای پایتەخت بکات تاوەکو لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق کۆببێتەوە.

XS
SM
MD
LG