Accessibility links

تورکیا دەڵێت تاووتوێی هەموو بژارەکانی لە دژی هەرێمی کوردستان کردووە


جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی تاووتوێی هەموو بژارە سیاسی و ئابوری و لەشکریـیەکانی لە دژی هەرێمی کوردستان کردووە و کات و ساتی جێبەجێـکردنیانی داناوە.

بەکر بوزداغ کە بۆخۆشی گوتەبێژی حکومەتە لە وتارێکیدا لە کۆنگرەیەکی پارتەکەی (ئاکەپە) هەڵوێستی وڵاتەکەی لە دژی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و گوتی ئەم پەرەسەندنانەی لەم دوایـیانە لە باکوری عێراق ڕوویان دا، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لە ئێستا و لە ئایندەدا، وە لەگەڵ ئەوەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەریەک لە عێراق و ئێرانیش.

گوتیشی جگە لە ئیسرائیل هیچ وڵاتێک پشتیوانی لەو خواستەی هەرێم نەکردووە.

لە لایەکی دیکە مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی وڵاتەکەی هەرچ هەنگاوێک بنێت لە دژی هەرێمی کوردستان، ئەوا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد حکومەتی عێراق بۆ ئەم مەبەستە چەند داوایەکی لە تورکیا و وڵاتانی دیکە کردووە و لە ئێستادا هەندێکی جێبەجێ کراون. هیواشی خواست دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم هەنگاوەیان پاشگەزببنەوە و وەڵامێکی ئەرێنی بەغدا بدەنەوە.

هاوکات بنیالی یڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکیدا لە زانکۆیەکی تورکیا گوتی" ڕێبەرانی باکوری عێراق لە پێناو بەرژەوەندیـیەکانی خۆیان و مانەوەیان لەسەر دەسەڵات ملیۆنان کەسیان دووچاری کێشە و گرفت کرد.

XS
SM
MD
LG