Accessibility links

سەرۆکی تورکیا هەڕەشەی برسیکردن لە هەرێمی کوردستان دەکات


سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە ڕەخنەی گرتەوە لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان و دەڵێت ئەگەر بێت و ڕێبەرانی هەرێم لەم کارەیان پاشگەز نەبنەوە، ئەوا ئەنکەرە دەتوانێت بە سەپاندنی سزاکانی هەرێم دووچاری برسێتی و بێ پـۆشاک بکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکیدا لە زانکۆیەکی ئەنکەرە گوتی ئەو ڕیفراندۆمەی ئەنجامدراوە جگە لەوەی هیچ شەرعیەتی نیـیە، فرتوفێڵیشی تیاداکراوە. گوتیشی پەکەکە پـێشوازی لەو ڕیفراندۆمە کردووە، بۆیە چاوەڕوانی خێری لێناکات.

پاشان ڕەخنەی لە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم گرت و گوتی هەتا دوا سات پـێشبینیـیان نەدەکرد بارزانی ڕیفراندۆمەکە ئەنجام بدات، وە ئەمەی کە بەبێ ڕاوێژکردن کردووە بە خیانەت دادەنرێت.

سەرۆکی تورکیا جەختی لەوەش کرد جگە لە ئیسرائیل هیچ وڵاتێکی دیکە پشتیوانی لەم هەنگاوەی هەرێم نەرکردووە و گوتی" ئەمە هیچ گرنگی نیـیە و ئیسرائیل هەموو دنیا نیـیە." هەروەها ڕووی دەمی لە ڕێبەرانی هەرێم کرد و گوتی بەرزکردنەوەی ئاڵای ئیسرائیل لە کوردستان هیچ فریاتان ناکەوێت و کاتێک گەمارۆتان بخرێتەسەر ئیسرائیل ناتوانێت بە هاناتانەوە بێت.

لە درێژەی وتارەکەی هەڕەشەی لەشکریشی کرد و گوتی کەس لە بارەی توانا لەشکریـیەکانی تورکیا بە هەڵەدا نەچێت و "لەشکری تورکیا دەتوانێت شەڕی حەوت جیهان بکات."

ڕێبەرانی هەرێم لای خۆیانەوە دەڵێن بەنیازن لەسەر ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بکەن و بە شێوەیەکی ئاشتیانە بە ڕێکەوتنێـک بگەن بۆ ئەوەی ببنە دوو دراوسێی باش.

XS
SM
MD
LG