Accessibility links

سەرۆکی تورکیا دەڵێت شیانی هەیە سزا بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپـێنن


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی دەوڵەتی تورکیا دەڵێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار گوتویەتی وڵاتەکەیان تاووتوێی شیانی سەپاندنی سزا بەسەر هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات بەهۆی ئەو نیازەی هەرێم هەیەتی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

ئەردۆغان دوێنێ سێشەممە لە نیویۆرک بە ڕۆژنامەوانانی گوتووە حکومەت و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی کاتێـک ڕۆژی هەینی کۆدەبنەوە تاووتوێی شیانی سەپاندنی سزا بەسەر باکوری عێراقدا دەکەن. گوتیشی ئەگەربێت و سزا بسەپـێنن، ئەوا سزای ئاسایی نابێت.

لە لایەکی دیکە بەکر بۆزداغ جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا و گوتەبێژی حکومەت ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنکەرە گوتی سووربوونی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یاریـیە بە ئاگر، چونکە دەبێتە مایەی کێشەی گەورە بۆ ناوچەکە، بۆیە باشترە لێی پاشگەزببێتەوە.

لە بەغداش فاتح یڵدز باڵیۆزی تورکیا بۆ عێراق ئەمڕۆ سەردانی عوسمان ئەلغانمی سەرۆکی ئەرکانی لەشکری عێراقی کرد. بەپـێی تویتەری باڵیۆزەکە هەردوولا جەختیان لەسەر هەڵوێستی هاوبەشی خۆیان کردووە سەبارەت بە کۆمەڵێـک بابەت، لەوانە شەڕی دژی تێرۆر و ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان.

XS
SM
MD
LG