Accessibility links

تورکیا دژایەتی خۆی بۆ پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە


وەزیری دەرەوەی تورکیا داژیەتی وڵاتەکەی بۆ پـرسی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و دەڵێت ڕەنگە شەڕی ناوخۆی لێبکەوێتەوە.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپـێکەوتنێـکی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ کەناڵی TRT خەبەری وڵاتەکەی لە بارەی کۆمەڵێـک بابەت وتووێژی لەگەڵدا کرا، لەوانە پـرسی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق کە بڕیارە لە 25 ی ئەم مانگی نۆیە بەڕێوەبچێت.

گوتی بڕیاری هەرێم بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیارێکی زۆر هەڵەیە و لە ناو هەرێمەکە خۆی لایەنەکان لەسەری ناکۆکن. گوتیشی زانیاریان هەیە خەڵکی هەرێمەکەش گرنگی بە پـرسەکە نادەن. ئاماژەی بۆ خراپی باری ئابوری هەرێم کرد و گوتی ئەوە کێشەی ڕاستەقینەی خەڵکەکەیە.

گوتیشی کۆمەڵی نێودەوڵەتیش پشتیوانی لەو ڕیفراندۆمە ناکات، بۆیە چاوەڕێن کاربەدەستانی هەرێم لێی پاشگەزببنەوە.

پاشان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بینینی ڕۆڵی نێوبژیوانی لە نێوان هەولێر و بەغدا. گوتی پـێویستە هەرێم کاربکات بۆ وەرگرتنی مافی خەڵکەکەی لە حکومەتی ناوەندی و داهاتەکانی نەوت دابەشبکرێن و هەرێم بڕە بودجەی خۆی وەربگرێت.

XS
SM
MD
LG