Accessibility links

دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگەیان بە دیپـلۆماتان نەدا ئامادەی دادگایـیکردنەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بن


سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پـێشووی هەدەپە ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ یەکەم جار برایە بەردەم دادگا، ئەمەش لەوەتای لە مانگی یازدەی ساڵی 2016 وە دەسـتگیرکراوە بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان.

پەیامنێری ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت دادگایـیکردنەکە لە کۆمەڵە زیندانی سینجانی نزیک ئەنکەرە بەڕێوەچوو و دەسەڵاتداران ڕێگەیان بە دیپـلۆماتانی بیانی نەدا ئامادەی دانیشتنەکە ببن، لەوانە مارتن ئاردمان باڵیۆزی ئەڵمانیا بۆ تورکیا. دەشڵێت هەروەها ڕێگەیان بەوەش نەداوە وەک پەیامنێرێک بچێتە ناو هۆڵی دادگاکەوە.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لەسەر تویتەری فەرمی خۆی نووسیویەتی "سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دانیشتنەکەی چوارشەممە گوتویەتی" هەتا ئەمڕۆ بچوکترین شتم نەدیوە کە نیشانی بدات دادگایـیەکی ڕەوایانە دەکرێم."

باڵیۆزخانەی ئیرلەندا لە ئەنکەرە لەسەر تویتەری خۆی نووسیویەتی" زۆر جێی مەخابنە ئەمڕۆ ڕێگە بە ئێمە و باڵیۆزی ئەڵمانیا و ژمارەیەکی دیکە لە دیپـلۆماتانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپانەدرا چاودێری دادگایـیکردنی هاوسەرۆکی پـێشووی هەدەپە بکەین."

پـێشتر لە 7 ی مانگی یەک، دادگا یەکەم دانیشتنی بۆ کەیسەکەی بەڕێوەبرد کە لە 30 سکاڵا پـێکهاتووە. ئەو کاتە دادگاکە داوایکردبوو دەمیرتاش لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە وەڵامی پـرسیارەکان بداتەوە، بەڵام دەمیرتاش داواکەی ڕەتکردەوە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا دەمیرتاش بە تاوانی تێرۆرستی تۆمەتباردەکەن، لەوانە بەڕێوەبردنی ڕێکخراوێکی تێرۆرستی، پـرۆپاگەندە بۆ تێرۆرزم، هاندانی خەڵکی بۆ ئەنجامدانی تاوان. ئەگەربێت و ئەم تۆمەتانەی بەسەردا ساغبکرێتەوە، ئەوا شیانی هەیە دادگا سزای 142 ساڵ زیندانی بۆ بڕیار بدات.

بایرام ئەرسەلان کە یەکێکە لە پارێزەرانی دەمیرتاش بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت " دادگایـیکردنەکە بە تەواوی سیاسیـیە."

لەلایەکی دیکە هەدەپە ڕایگەیاند سەرپـێڵ کەمال بەی هاوسەرۆکی پـێشووی پارتەکەیان کە لە دوێنێ سێشەممەوە دەسـتگیرکراوە، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەسـتیکردووە بە مانگرتن لە خواردن.

جێی ئاماژەیە هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی 7 ی مانگی شەشی ساڵی 2015 ، لە کۆی 550 کورسیـیەکەی پەرلەمانی تورکیا 80 کورسی بردەوە، بەڵام ئاکەپە لەگەڵ پارتەکانی دیکە ڕێکنەکەوت بۆ پـێکهێنانی حکومەت، بۆیە لە 1 ی مانگی یازدەی 2015 هەڵبژاردنەکان دووبارەکرانەوە و ژمارەی کورسیـیەکانی هەدەپە بۆ 59 دابەزین.

هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2014 ، سەڵاحەدین دەمیرتاش نزیکەی 4 ملیۆن دەنگی بەدەسـتهێنا کە دەکاتە 9.76% لە کۆی دەنگدەران. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە دەنگی 21 ملیۆن دەنگدەر کە 51.79% ی دەنگدەرانی دەکرد پـۆستی سەرۆکایەتی بردەوە.

XS
SM
MD
LG