Accessibility links

تورکیا هەوڵی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەدات لەسەر کوشتنەکەی خاشقچی


میدیای دەوڵەتی تورکیا لە زاری وەزیری دەرەوە مەولود چاوشئۆغڵووە دەڵێت، تورکیا هەوڵی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەدات لەسەر کوشتنەکەی ڕۆژنامەوان جەمال خاشقچی و لە ڕۆژانی داهاتوودا هەنگاوی زیاتر دەنێت.

خاشقچی کە خۆی خەڵکی عەرەبستانی سعودیە بوو ڕەخنەگری شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان بوو کە پاش ئەوەی هاتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا دەستی بە نووسینەکانی کرد. ئەو لە 2 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو لە نێو کۆنسۆڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ کوژرا.

پاش چەند ڕاگەیاندنی پێچەوانەی یەکتر لەسەر کوشتنەکەی خاشقچی، سعودیـیە ڕایگەیاند کوژراوە و تەرمەکەی لەت لەت کراوە پاش ئەوەی نەتوانرابوو قایل بکرێت بگەڕێتەوە بۆ عەرەبستانی سعودییە.

پێشتریش تورکیا ڕایگەیاند لەگەڵ چەند وڵاتێکی تردا کاردەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کوشتنی خاشقچی، و عەرەبستانی سعودیەی تاوانبارکرد بەوەی بە تەواوەتی هاوکاری ناکات بۆ ئاشکراکردنی کوشتنی ئەو ڕۆژنامەوانە.

ئاژانسی ئەنادۆڵو دەڵێت چاوشئۆغڵو لە وتارەکەیدا ڕایگەیاندووە "ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵی پەردەپۆشکردنی دۆسێکە دەدەن و من هۆکارەکانی دەزانم. ئێمە دەزانین و دەبینین چ جۆرە ڕێککەوتنێک کراوە. ئێمە دەزانین ئەوانەی کە باس لە ئازادی ڕاگەیاندن دەکەن ئێستا چۆن ئەمە پەردەپۆش دەکەن پاش ئەوەی پارە دەبینن."

ئەو گوتیشی ئێمە هەتا کۆتایی دەڕۆین " ئێمە خۆمان ئامادەکردووە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە ڕۆژانی داهاتوودا و هەنگاوی پێویست دەنێین."

XS
SM
MD
LG