Accessibility links

تورکیا ڕۆژنامەوانێک ئازاددەکات و 6 کەسی دیکە زیندانی هەتاهەتایی دەدات


دادگایەکی ئستەنبوڵ فەرمانی ئازادکردنی بە مەرجی بۆ ڕۆژنامەوان دێنیز یوجەلی ئەڵمانی بە ڕەگەز تورکی دەرکرد، ئەوەی کۆمەڵێک تۆمەتی ئاڕاستەکراوە کە سزاکانیان دەگاتە 18 ساڵ زیندانی.

دادگاکە ئەمڕۆ هەینی بڕیارەکەی بۆ دێنیز یوجەلی تەمەن 44 ساڵ دا کە لە مانگی دووی ساڵی 2017 وە دەستگیرکراوە بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە بۆ ڕێکخراوێکی تێرۆرستی.

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و سوپاسی دەزگای دادوەری تورکیای کرد، بەڵام گوتیشی لە ئێستادا دەبێت چاوەڕوانبن لە چەند کاژمێری داهاتوو چی ڕوودەدەن.

هاوکات دادگای ئستەنبوڵ زیندانی هەتاهەتایی بۆ 6 کەسی دیکە دەرکرد بە تۆمەتی پەیوەست بە هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، ئەوەی ئەنکەرە دەڵێت فەتحوڵڵا گولەن پیاوی ئاینی تورکی لە پشتەوەیە کە لە ئێستادا لە ئەمەریکایە.

ئەو شەش کەسە سیانیان ڕۆژنامەوانن و دووانیان هەر لە بواری ڕاگەیاندن کاریان کردووە. ئەوانیش:

نازڵی ئیلجاک، تەمەن 73 ساڵ کە یەکێک بوو لەو ڕۆژنامەوانانەی لە پاش هەوڵی کودەتاکە دەسـتگیرکرا. نازڵی بۆ چەند ڕۆژنامەیەک بابەتی دەنووسی، لەوانە حوریەت. لە ساڵی 1999 بۆ ماوەیەکی کورت ئەندامی پەرلەمان بووە.

ئەحمەد ئەڵتان، تەمەن 67 ساڵ ڕۆژنامەوان و ڕۆماننووس، لە چەندان ڕۆژنامە و گۆڤاری تورکی بابەتی بڵاودەکردەوە، لەوانە حوریەت و میللیەت. هەروەها دامەزرێنەری ڕۆژنامەی تەرەفی ئۆپـۆزسیۆن بووە، ئەوەی لە پاش هەوڵی کودەتاکە داخرا.

محەمەد ئەڵتان، تەمەن 65 ساڵ، برای ئەحمەد ئەڵتان، نووسەر لە بواری سیاسەتی تورکیا.

یەعقوب شمشەک، یەک لە بەڕێوەبەرانی ڕۆژنامەی زەمان.

فەوازی یازجی، دیزاینەر لە ڕۆژنامەی زەمان.

شوکرو توگرول ئۆزسەنگول، ڕاهێنەر لە ئەکادیمیای پـۆلیس.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن نازڵی و ئەحمەد و محەمەدی برای لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی کەناڵێکی سەر بە فەتحوڵڵا گولەن بەشداریـیان کردبوو و لە قسەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کودەتا بەڕێوەیە.

XS
SM
MD
LG