Accessibility links

هەزاران کەس لە تورکیا خۆپیشاندان دەکەن لە دژی بڕیاری زیندانیکردنی پەرلەمانتارێکی جەهەپە

  • VOA News

هەزاران لە لایەنگرانی پارتی جەهەبەی تورکیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕژانە سەر شەقامەکانی ئەنکەرەی پایتەخت بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بڕیاری زیندانیکردنی پەرلەمانتارێـکیان.

دادگای تاوانەکانی ئستەنبوڵ ڕۆژی چوارشەممە بڕیاری دا پەرلەمانتار ئەنیس بەربەرئۆغڵو 25 ساڵ زیندانی بکرێت بە تاوانی وەک دەڵێن پـێدانی زانیاری نهێنی بە ڕۆژنامەیەک بە ئامانجی سیخوری سیاسی و لەشکری.

خۆپـیشاندەران کە کەمال کلچدار ئۆغڵو ڕێبەری جەهەپەیان لە نێودا بوو، بەڵێنیان دا لە ئەنکەرەوە هەتا ئەو بەندیخانەیەی پەرلەمانتارەکەی لێ زیندانیکراوە لە ئستەنبوڵ بە ڕێپـێوان بڕۆن. ڕێبەری جەهەپە دروشمێـکی بەرزکردبووە و لەسەری نووسرابوو (عەدالەت).

هاوکات لە پارکێکی ئستەنبوڵ سەدان کەس بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوە و هاوریان دەکرد (بە بەرگری سەردەکەوین).

ئەمە یەکەم جارە لە مێژوی تورکیا پەرلەمانتارێکی ئەم پارتە زیندانی بکرێت کە لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک یەکەم سەرۆک کۆماری تورکیاوە دامەزرێنراوە.

لە پاش سازکردنی ڕیفراندۆمی هەموارکردنی دەسـتوری تورکیا لە 16 ی مانگی چوار، پەیوەندیـیەکانی نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆن زیاتر دووچاری گرژی بووە.

جێی ئاماژەیە ئەنیس بەربەرئۆغڵو تۆمەتبارکراوە لە مەسەلەی ئاشکراکردنی ناردنی چەک لە تورکیاوە بۆ سوریا. دەڵێن لە مانگی یەکی ساڵی 2014 لەو کاتەی میتی تورکیا 3 ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری پـڕ لە چەک و تەقەمەنی بۆ ناو سوریا ڕەوانەدەکردبوو لە ڕێگەی نێوان ئەدەنە و غازی عەنتاب لە لایەن جەندرمەوە ڕاگیران و بە ڤیدیۆ وێنەی بارەکان گیران و پاشان ڕۆژنامەی جمهوریەت ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕەتی دەکەن چەکیان بۆ ناو سوریا ناردبێت، دەڵێن ئەوە یەکێکە لە پلانەکانی گروپی فەتحوڵڵا گولەن لە دژی حکومەت.

XS
SM
MD
LG