کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک بنکەیەکی لەشکری لە شاری ئستەنبوڵ تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا 8 کەس برینداربوون.
ئیسماعیل ئەردەم سەرۆکی شارەوانی ناوچەکە بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت ئۆتۆمبیلێـک کە لە نزیک دەروازەی بنکەیەکی لەشکری لە ناوچەی سانجەکتەپە ڕاگیرابوو لە کاتی قەرەباڵغی پاش نیوەڕۆدا تەقیوەتەوە. دەڵێن لەو کاتەدا تەقیوەتەوە کە ئۆتۆمبیلێـکی لەشکری بە لایدا تێپەڕیبوو.
واسف شاهین فەرمانڕەوای ئستەنبوڵ بە هەمان ئاژانسی گوتووە 5 سەرباز و 3 کەسی سیڤیل بەهۆی تەقینەوەکەوە برینداربوون و یەک لە بریندارەکان کە ژنێـکە برینەکەی قورسە.
هەروەها تەقینەوەکە شوشەیەکی زۆری پەنجەرەی بیناکانی ناوچەکەی شکاندووە.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێـک بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕانەگەیاندووە.